سەردێر

عيراق؛ كاتی هاتنی یەكەم بەشە بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمى دیاریكرد

خەڵك
بریكاری پێشوی وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت ، ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە بە یاسای بودجە و دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و هەفتەی داهاتوو دەست بە خەرجكردنی دەكرێت ، دەشڵێت،”هەفتەی داهاتووش  پشكی هەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت”.

فازڵ نەبی ، بریكاری پێشوی وەزیری دارایی عێراق بۆ میدیایی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، لەگەڵ خەرجكردنی بودجە، لە هەفتەی داهاتوودا پشكی هەرێمی كوردستانیش خەرجدەكرێت ، چونكە پشكی هەرێم ناردنی ئاسانە و تەنها ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی داهات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاری دەكرێت و پارەكە رەوانە دەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، گرنگە لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت بۆ ناردنی پشكی ھەرێم لە بودجەدا، چونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنە ھەبێت، رێگە نادات ناردنی پشكی ھەرێمی كوردستان دوابكەوێت.

باسی لەوەشكردووە، كە وەزیری دارایی عیراق نووسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، كە باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران دابنرێت، ئەمە پێچەوانەی یاسایە و هیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، بۆیە بڕیارەكە سەرناگرێت، چونكە پەرلەمانیش وەڵامیان داوەتەوە و ئەو داواكارییەیان ڕەتكردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حكوومەت جێبەجێی بكات، كێشە دروست دەبێت و پەرلەمان بەڵگەی یاسایی لە بەردەستە، چونكە لە یاسای بودجەدا باسی باجدانان لەسەر مووچە نەكراوە.