سەردێر

داوا دەكرێت بە فەرمی تەمەنی هاوسەرگیری بكرێت بە 18 ساڵ

خەڵك-ئارام سەردار
دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ هەینی، ژنێكی تەمەن ٢٠ ساڵ لەلایەن هاوسەرەكەیەوە دەكوژرێت، پارێزەرێك داوا دەكات بە یاسا تەمەنی هاوسەرگیری بكەن بە ١٨ ساڵ، چونكە ژنێك لەم تەمەنە خاوەنی سێ منداڵە كەواتە ئەو كاتەی هاوسەرگیری كردوە تەمەنی ١٣ ساڵ بووە.

ڕێبین سەباح، پارێزەری ڕاوێژكار بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای كوژرانی كچەكەی دایكی كچەكە دەڵێت، كچەكەمان تەمەنی ٢٠ ساڵە و خاوەن ٣ منداڵە ئەمڕۆ لەلایەن مێردەكەی كوژرا، لێرەدا پرسیار و نیگەرانیەكە لەوەدایە، كە كچێك تەمەنی ٢٠ ساڵ بێ و خاوەنی ٣ منداڵ بێ دەبێ لە تەمەنی چەند ساڵیدا دایك و باوكی بە شویان دابێ”.

دەشڵێت: “بەپێی تەمەنەكەی ئەو ژنەی كوژراوە دڵنیام تەمەنی هەر ١٤ و ١٣ ساڵ بووە ئەم ژنە كاتێك بە شویان داوە، بۆیە بەر لەوەی مێردە تاوانبارەكەی سزا بدرێ پێویست دەكات دایك و باوكی ئەم كچە و ئەو مامۆستا ئایینەیەش سزا بدرێن، كە ئەو منداڵەی لە مێردەكەی مارە كردوە، چونكە تەمەنی كچەكەیان زۆر منداڵ بووە”.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە بە پێویستی دەزانین یاسای باری كەسی عیراقی لە هەرێمی كوردستان لە بابەتی تەمەنی هاوسەرگیری هەموار بكرێتەوە و بكرێت بە ١٨ ساڵ و دەكرێ ئەو پێشنیار و داواكارییەمان بە هەند وەربگیرێ و ئەوانەشی دژی ئەوەن، كە تەمەنی هاوسەرگیری بە فەڕمی بكرێ بە ١٨ ساڵ لە پێناو بەرژەوەندی گشتی ڕایەكانیان ئیهمال بكرێ .