سەردێر

حكومەت و ڕێكخراوەكان خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی ئامادەكردووە

خەڵك-

سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حكومەت هاوكار بێت و ڕێگربێت لە وشكبوونی پارك و سەوزاییەكانی هەرێمی كوردستان.

بەهۆی كەمی باران بارینەوە، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی مەترسی كەمئاوی و وشكەساڵی بۆتەوە و هەفتەی ڕابردووش بەرپرسانی گەرمیان وشكەساڵیان لە ناوچەكە ڕاگەیاند، هاوكات سەرجەم ڕووبار و كانی و كارێزەكانی هەرێمی كوردستان ئاوەكەیان بۆ نیوە كەم بۆتەوە و ئەمەش مەترسی لای جوتیاران دروست كردووە، داواش دەكرێت حكومەتی هەرێم پلانی هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان.

ملكۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەك پارتی سەوز خۆمان ئاماد كردووە بۆ ئەو دۆخەی ڕووی لە هەرێم كردووە، بەڵام هەندێك ناوچە هەیە ناتوانین بڵێن وشكەساڵی لە هەرێم هەیە.

وتیشی، “ئاو لە بەنداوكان كەمی كردووە، گرتنەوی ئاو لە دەرەوەی هەرێمیش هۆكارێكە بۆ كەمبوونەوەی ئاو، هاوكات كۆمپانیایەكی زۆر ئاوی ژێر زەویان دەركردووە بە لێدانی بیر، ئەمەش هۆكارێكی مەترسیدارە بۆ وشكەساڵی”.

ئاشكراشیكرد، قسەمان لەگەڵ حكومەت كردووە هاوكارمان بێت، چونكە ناكرێت ئەو پارك و شوێنانەی هەمانە بێ ئاو بن و دەبێت ئەو سەوزاییانە وەك خۆی بمێننەوە.

ڕوونیشیكردەوە، سەبارەت بە دەغڵودان بەداخەوە لە ناوچەی هەولێر و گەرمیان و بناری قەرەچووغ جوتیاران دانەوێڵەكانیان لەدەستدا، بەڵام لە هەموو ئەگەرێكدا هەوڵ دەدەن لەلایەن خێرخوازان و سەرمایەداران و حكومەت پێكەوە ئەو سەوزاییەی هەیە وەك خۆی بهێڵینەوە.

جەختی لەوەشكردەوە، حكومەتی هەرێمیش خۆی ئامادە كردووە، بەڵام ئەوان كێشەیەكی تریان هەیە، دەڵێن ئاو بۆ هاووڵاتی ئامادە بكەین باشترە تاكو سەوزایی.