سەردێر

پڕۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی دەستیپێكرد

خەڵك-تەنیا هەورامی

ئەمڕۆ پڕۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی بەشێوەی زۆرەملێ دەستپێدەكات و بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردەش، جگە لە پۆلی 12ی ئامادەیی سەرجەم قۆناغەكانی دیكە پەیوەست دەبن بەم خوێندنەوە.

بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، دەرگای خوێندنگەكان دوای مانگێك لە كردنەوەیان بۆ جارێكی دیكە داخران، بەپێی زانیارییەكانیش، دەرگای خوێندنگەكان بە داخراوی دەمێننەوە تا ئەوكاتەی دۆخی كۆرۆنا ڕوو لە كەمبوونەوە دەكات.

وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، پێش وادەی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرز، ئەگەر هەڵسەندگاندنەكانی تەندروستی ڕێگا بدات خوێندنی ناو پۆل بەشێوەی تەناوب دەستپێدەكاتەوە، ئەگەر دۆخی ڤایرۆسەكەش ڕێگەی نەدا تەنها تاقیكردنەوەكانی وەرز ئەنجام دەدرێن لەسەر بنەمای خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین.

هاوكات وەزارەتی پەروەردە لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا شێوازی چۆنێتی خوێندنی ئەلیكترۆنی بڵاوكردۆتەوە و داوا دەكات سەرجەم مامۆستایان و خوێندكاران پابەندبن پێیەوە و داواش دەكات، بە هەرشێوازێكی ئەلیكترۆنی، كە گونجاو بێت مامۆستایان پەیوەندییان بە خوێندكارانەوە هەبێت.

بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە، پێویستە كارگێڕی خوێندنگە لە هەفتەیەكدا دوو ڕۆژ دەوام بكەن و مامۆستای بابەتەكانیش لە هەفتەیەكدا ڕۆژێك سەردانی خوێندنگە بكەن و ڕاپۆرتی خوێندنی ئەلیكترۆنی تایبەت بە وانەكەی خۆیان پێشكەشی كارگێڕی خوێندنگە بكەن.

لە بەدواداچوونێكی (تۆڕی میدیایی خەڵك) دا، خوێندنی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نابێت، چونكە وەك “دایبابی” خوێندكاران ئاماژەی بۆ دەكەن، بەبێ ئامادەبوونی مامۆستا لەناو پۆلدا، خوێندكار نە سوود لە وانەكە وەردەگرێت نە دەشتوانێ بە زۆرەملێ پابەندی بكەیت.

ئاشكراشیدەكەن، بەهۆی قەیرانی دارایییەوە ئەوان ناتوانن ئامێرەكانی پەیوەندی و هێڵی ئینتەرنێت بۆ منداڵەكانیان دابین بكەن، چونكە خێزان هەیە زیاتر لە 5 خوێندكاری هەیە.
هاوكات بەشێك لە خوێندكارانیش بە (خەڵك)یان ڕاگەیاند، ئەوان هێندەی لەنێو پۆلدا سوود لە وانەكان وەردەگرن و تێدەگەن، نیو هێندە لە خوێندنی ئەلیكترۆنی سوود نابینن.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، بەهۆی ئەوەی بەشێك لە مامۆستایانی خوێندنی ئەلیكترۆنی بەشێوەزاری ناوچەیەكی هەرێم وانەكان شی دەكەنەوە، لێیان تێناگەن، لەبەر ئەوە ناشتوانن لەكاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكاندا سەركەوتن بەدەست بهێنن.

بەبڕوای پسپۆڕانی بواری پەروەردە، جێبەجێكردنی خوێندنی ئەلیكترۆنی لە هەرێم كوردستان بۆ خۆگونجاندنە لەگەڵ دۆخی هەرێم، ئەگەرنا بەهیچ شێوەیەك بواری پەروەردە بەو شێوازە پڕۆسەیە سەركەوتوو نابێت.

هاوكات مامۆستایانی زانكۆش ئاشكرای دەكەن، زۆرێك لە خوێندكاران تووشی شۆك دەبن كاتێك دێنە زانكۆكان، لەبەر ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمترین وانەیان خوێندووە، یاخود تێی نەگەیشتوون.

جەخت لەوەش دەكەنەوە، لە 10 ساڵی داهاتوودا زیان و مەترسییەكانی بواری پەروەردە دەردەكەون، ئەوكات هیچ هێزێك ناتوانێت چارەسەری دۆخەكە بكات و هەرێم بەرەو نەخوێندەواری هەنگاو دەنێت لەكاتێكدا بڕوانامەكانیش دەدرێنە خوێندكاران.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك كارئاسانییەكان بۆ ئاگاداربوونی خوێندكاران، خشتەی پەخشكردنی وانەكانی بڵاوكردۆتەوە و داواشدەكات ئەو خوێندكارانەی ناتوانن لە ڕێی هێڵەكانی ئینتەرنێتەوە شیكردنەوەی وانەكان ببینن، پابەندی خشتەی پەخشی وانەكان بن لە تەلەفزیۆنی پەروەردەیی.

 

ئەمەش لەكاتێكدایە پۆلی 12ی ئامادەیی لەنێو پۆلەكانی دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن، هەرچەندە بەهۆی كەمی كاتەوە زۆرترین وانە لە كەمترین كاتدا دەخوێنن، پێشتریش چەندینجار خۆپیشاندانیان ئەنجامدرا بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بەڵێنی كەمكردنەوەی پڕۆگرامی خوێندنی پێدان لە وەرزی دووەمدا، بەڵام تاكو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ ئەو مەبەستە نەدراوە و لەئێستادا سەرقاڵی تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەمن.