سەردێر

دادگای فیدڕاڵی چارەنووسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان یەكلایی دەكاتەوە

خەڵك-
سەركردەیەكی هاوپەیمانی فەتح، كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ئاشكرای دەكات، كە بەم نزیكانە دادگای باڵای فیدڕاڵی كۆدەبێتەوە و بڕیار لە چارەنووسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەدات.

لە كاتی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019ی عیراق و وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ داخوازی خۆپیشاندەران، پەڕلەمانی عیراق لە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدا لە 28ی ئۆكتۆبەر بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و بڕیاریشیدا تا كاتی هەڵبژاردنی داهاتوو پەڕلەمان خۆی سەرپەرشتی و چاودێری كاری پارێزگارەكان دەكات.

غزنفەر بەتیخ، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح بۆ میدیا عیراقییەكان ڕایگەیاندووە، كە ڕۆژی دوو شەممەی ئەم هەفتەیە 19ی نیسان دادگای باڵای فیدڕاڵی كۆدەبێتەوە بۆ سەیركردنی ئەو تانانەی لە بڕیارەكەی پەڕلەمانی عیراق دراون، كە تایبەت بووە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

ڕاشیگەیاندووە، دادگای فیدڕاڵی هەر بڕیارێك بدات دەبێتە یەكلاكەرەوە و دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكانی وڵات پێوەی پابەند ببن.

دەشڵێت: “گەلی عیراق تێدەگات كێ‌ سوودمەندە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، چونكە جێبەجێ‌ كردنی ئەو داواكارییەی ئەو كاتی خۆپیشاندەران گرنگیەكی ئەو تۆی نەبوو بە بەراورد بە داواكارییەكانی تریان، كە هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان و گۆڕینی سیستمی پەڕلەمانی بۆ سەرۆكایەتی بوو و جێبەجێش نەكران”.

ئەو سەركردەیەی فەتح جەختیشی كردۆتەوە، كە دوای كۆتایی هاتنی كاری ئەنجوومەنی پارێزگاكان گەندەڵی یادی كردووە و پارێزگارەكان بوون بە تاكڕەو و سەربەخۆیانە مامەڵە بە پارەی پارێزگاكان دەكەن بەبێ‌ چاودێری و لێپرسینەوە.