سەردێر

داوای لێبوردنی تایبەت بۆ زیندانیان دەكرێت

خەڵك-

وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەین لێبوردنی تایبەتی بۆ زیندانیان دەربكات.

عەبدوڵلا وەرتی، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژن و مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە داوا لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین لێبووردنی تایبەتی دەربكەن بۆ زیندانیانی هەرێمی كوردستان.

وتیشی، “داواش دەكەین پێداچوونەوە بە كەیسی سەرجەم ئەو زیندانیانە بكرێت، كە بە بیانووی سیاسی و ئیسلامیبوونەوە یان بەهەر هۆیەك لەهۆكارەكانەوە دەستگیركراون، كە تێیاندا هەیە ماوەی یاسایی زیندانی خۆی تەواو كردووە، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەكراوە و هەشیانە جۆری حوكمەكەیان پێویستی بە تەمییزكردنەوە هەیە”.

ئاشكراشیكرد، ئەو زیندانیانە بەشێكیان تاكو ئێستا هیچ حوكمێكیان بۆ دەرنەچووە و لە چاوەڕوانیدان تا بەپێی یاسا ماوەی حوكمەكەیان بۆ دەربچێت، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەست و پەنجەیان نەرم بكەن و لێبووردەبن بۆ ئەوەی ژیانێكی شایستە بگێڕنەوە بۆ ناو خێزانەكانیان.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بزووتنەوەی ئیسلامی چەندین دەستگیركراوی لە زیندانەكانی هەرێمدا هەیە و تاكو ئێستا هەندێكیان شوێنیان نادیارە و هەندێكی دیكەشیان لە زینداندان، بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) بزووتنەوەی ئیسلامی بە فەرمی داوای ئەو زیندانیانەی لە یەكێتی و پارتی كردووە، بەڵام هیچ وەڵامێكی یەكلاكەرەوەیان نەدراوەتەوە.