سەردێر

جارێكی دیكە غازە ژەهراوییەكە ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بۆ جاری دووەم دووكەڵ و غازە ژەهراوییەكە (كبریت -so2)ی تەقینەوەی بوركانەكەی ئیتاڵیا ناوچەكانی هەرێم و عێراق دەگرێتەوە و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “وەك جاری پێشوو ئەم دووكەڵە بۆ كوردستان و عێراق بێ زیان دەبێت”.

دوای تەقینەوەی بوركانێك لە ئیتاڵیا لە دورگەی سەقڵییە شەپۆلێكی غازی دووەم ئۆکسیدی کبریتی (So2 ) بەسەر ناوچەكەدا بڵاوكردەوە و بەهۆی كاریگەری باوە بۆ بەشێكی ناوچەكانی دەورووبەری گوازرایەوە، بەڵام تاد ێت كاریگەرییەكەی كەمتر دەبێتەوە.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی چالاكی گڕكانی سانت فنسنت، لەدورگەی خۆرئاوای زەریای ئەتڵەسی و لەدەریای كاریبی لەئێستادا گازێكی زۆری كبریتی so2 دروست بووە و لە ئەمشەوەوە دەگاتە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچە عەرەبیەكان.

ڕاشیگەیاند، وەك جاری پێشوو ئەم دووكەڵە بۆ كوردستان و عێراق بێ زیان دەبێت و كەشوهەوا خۆش دەبێت تەنیا پلەكانی گەرما بەرزدەكاتەوە بەڕیژەیەكی زۆر، بەڵام لەناوچەكانی سعودییە ئەگەری ترشە باران هەیە، چونكە لەئێستادا ئەو وڵاتە لەژێر كاریگەری شەپۆلێكی بارانبارینی دەریای سوورە و كاریگەریەكی نەرێنی دەبێت و ئەگەری زیانی هەیە بۆ ئۆتۆمبیڵ و خاكی سعودییە و كشتوكاڵ بەگشتی.

ئەو شارەزایەی كەشناسی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، كە “لە هەرێمیكوردستان زۆر بەئاسایی تێپەڕ دەبێت و هیچ زیانی نیە، تەنیا كاریگەری ئەوەیە پلەی گەرما بەرزدەكاتەوە و بۆ ماوەیەكی زۆریش لەناوچەكە دەمێنێتەوە”.