سەردێر

ڤایزەر لەسەر ڤاكسینەكە هۆشداری بە عیراق دەدات

خەڵك-
پەڕلەمانتارێكی شانەی قەیرانەكانی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، كە لەگەڵ بەزۆر كوتانی هاووڵاتیان نییە بە ڤاكسینی كۆرۆنا و ئاشكرای دەكات، كە كۆمپانیای ڤایزەر ئاگاداری حكومەتی عیراقی كردۆتەوە، كە بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكەی لە دۆخێكی بەپەلە و لەناكاودا بووە.

ڕیاز مەسعودی، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق و ئەندامی شانەی قەیرانەكان بۆ (بغداد الیوم) ڕایگەیاندووە، هەنگاونان بۆ كوتانی زۆرەملێی هاووڵاتیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا ڕێكارێكی حكومییە و ئەگەری جێبەجێ‌ كردنی هەیە، بەڵام پێویستی بە بڕی پێویست لە ڤاكسین هەیە، چونكە هەمووان دەزانن ئەوەی گەیشتووە بڕێكی كەمە.

ڕاشیگەیاندووە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان یاسایەك بۆ كوتانی هاوولاتیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە پەڕلەمان دەربكەن، چونكە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەر خۆیان بە بەرپرسن نازانن لەو كاریگەرییە لاوەكیانەی لە كوتان بە ڤاكسینەكە دەكەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “كۆمپانیای ڤایزەری ئەمریكی، حكومەتی عیراقی بە نووسراوی فەرمی ئاگادار كردۆتەوە، كە ئەو ڤاكسینەی بەرهەمی هێناوە لە دۆخێكی لەناكاو و ناهەمواردا بووە” بۆیە هیوادارم هاووڵاتیان ناچار نەكرێن بە خۆكوتانی زۆرەملێ‌.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر، حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عیراق ڕایگەیاندبوو، سێ‌ جۆر لە ڤاكسینی كۆرۆنا لە عیراق هەیە بۆ كوتانی هاووڵاتیان و دڵنیاییشی دا لەسەر سەلامەتی ڤاكسینەكان و توشیەتی، “تاكە هیوای دەربازبوون خۆكوتانە”.

لای خۆشیەوە، عەبدولغەنی ساعدی، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەكردووە، تا ئێستا 50 شوێن تەرخان كراوە لە تەواوی عیراق و هەرێمی كوردستان بۆ كوتانی هاووڵاتیان بە ڤاكسینی ڤایزەر.