سەردێر

ئاداب و كاتەكانی نزار و پاڕانەوە بەتایبەت لە ڕەمەزاندا

 

خەڵك-
مەلا ئەحمەد قامیشی باس لە قۆستنەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەكات بۆ زیاتر پاڕانەوە لە خوای گەورە و دەڵێت: “ئەم مانگە دەرفەتە بۆ نزا و پاڕانەوە”.

مەلا ئەحمەد قامیشی، مامۆستای ئایینی لە سلێمانی لە زنجیرە وتارێكدا، بۆ (خەڵك)، كە بەشێوەی ڤیدیۆیی تۆماركراوە تیشك دەخاتە سەر بابەتێكی شەرعی و فیقهی و لەڕووی ئایینییەوە شرۆڤە بۆ دیاردە كۆمەڵایەتییەكان دەكات.

مەلا ئەحمەد قامیشی لە وتاری تایبەت بە (ڕەمەزان دەرفەتە بۆ نزا و پاڕانەوە)دا دەڵێت: “نوێژ لە مانا زمانەوانیەكەیدا واتای پاڕانەوەیە، چونكە پاڕانەوەش پەرستشە بە پێیەی پێغەمبەری خودا (د.خ) فەرموویەتی دوعا (پاڕانەوە) عیبادەتە و لە ڕیوایەتێكی دیكەدا هاتووە، كە ڕەگ و ڕیشەی عیبادەتە “.

ئەو مامۆستا ئایینە ئاماژە بەوەشدەكات، پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: لە ڕەمەزاندا هەموو موسڵمانێك وەڵامی پاڕانەوەكەی دەدرێتەوە.

دەشڵێت: “زۆر لە خوا بپاڕێنەوە بە تایبەت لە كاتی ڕۆژوو شكاندندا و لە شەوانی قەدردا و لەدوای نوێژەكان و لەكاتی شەونوێژدا و بەردەوام بپاڕێنەوە، كە زوو یان دواتر خوای گەورە وەڵامی دوعاكان دەداتەوە”.