سەردێر

لە بەشێكی باشووری كوردستان دەرگای خوێندنگەكان دەكرێنەوە

خەڵك-
دوابەدوای بڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عیراق بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن، بە گشتاندنێكی وەزارەتی پەروەردەی عیراق پڕۆسەی خوێندن بەشێوەی تەناوب دەستپێدەكاتەوە و بەشێكی ناوچەكانی باشوووری كوردستانیش، كە سەر بە پەروەردەی عیراقن دەگرێتەوە.

عەلی حەمید، وەزیری پەروەردەی عیراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی ڕۆژی یەك شەممە 18ی نیسان دەست دەكرێتەوە بە پڕۆسەی خوێندنی ناو پۆل بۆ چەند قۆناغێكی خوێندنگە حكومی و ئەهلییەكان.

ڕاشیگەیاندووە، پڕۆسەكە پۆلەكانی (1 و 2 و 3)ی سەرەتایی و پۆلە كۆتاكانی (6ی سەرەتایی و 3ی ناوەندی و 6ی ئامادەیی) دەگرێتەوە و هەفتانە دوو ڕۆژ لەناو پۆل دەوام دەكەن لەم مانگە و مانگی داهاتوودا.

لای خۆشیەوە، پەروین فاتیح، سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركوك ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە دەرگای قوتابخانەكان بەشێوەیەكی جیاواز دەكرێنەوە، هەرقۆناغێك پێویستە دوو ڕۆژ دەوام بكات لە هەفتەیەكدا ئەوە بەنیسبەت ناوشارەوە.

وتیشی، “پۆلەكانی تر بە شێوەی ئۆنلاین دەخوێنن و ئێمە ئامادەكاریمان كردوە بۆ چۆنیەتی ڕێكخستنی پڕۆسەی خوێندن بە جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستیەكان

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕۆژی یەك شەممەی ڕابردوو لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بڕیاری داخستنی دەرگای خوێندنگەكانی درێژكردەوە و خوێندن كرا بە ئەلیكترۆنی و تاوەكو ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنا كەم نەبێتەوە دەرگای خوێندنگەكان ناكرێنەوە.