سەردێر

پۆلیسی ڕاپەڕین: تەرمێك گەیەنرایە پزیشكی دادوەری ڕانیە

خەڵك

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت: تەرمی كەسێك گەیەنرایە پزیشكی دادوەری ڕانیە.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: كاتژمێر 6:35 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی كەسێك بەناوی (ێ‌،م،ب) لە دایكبووی ساڵی ١٩٨٧ ڕەگەزی نێر پیشەی پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین/ بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ژاراوە، دانیشتووی شارەدێی چوارقوڕنە/ كۆڵێن سیتی گەیەنرایە پزیشكی دادوەری ڕانیە كە شوێنەواری فیشەك بەجەستەیەوە هەیە. دوای ئەنجامدانی توێكاری ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونیشی كردووەتەوە:”ڕووداوەكە لە كاتێكدا بووە كە دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیس لە ڕانیە و چوارقوڕنە ئاگادار كرانەوە بە بوونی ڕووداوێكی تەقەكردن لە شارەدێی چوار قوڕنە/ كۆڵێن سیتی و لەگەڵ گەیشتنی هێزەكانمان بۆ شوێنی ڕووداوەكە تەقەكەرەكان ڕایان كردبوو بۆ شوێنێكی نادیار. چەند قەوانێكی تەقیوی جۆری چەكی كڵاشنكۆف و دەمانچە لە شوێنی ڕووداوەكە دۆزرانەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە”.

ئاماژە بەوەشدراوە:”بە وتەی خێزانی كوژراوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ پێش خۆرئاوابوون لە نزیك ماڵەكەی خۆیان لە كۆڵێن سیتی لە شارەدێی چوارقوڕنە لەلایەن چەند كەسێكەوە دەستڕێژی گوللەی كرایە سەر و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئەوشی خستەڕوو، لەسەر ڕووداوەكە دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاگادار كرایەوە و دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە و فەرمانی دەستگیركردن بۆ تەقەكەرەكان دەرچووە بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عیراقی و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە.