سەردێر

داوا دەكرێت دادگای تایبەت بە ژینگە دابنرێت

خەڵك
ئەمڕۆ بەڕۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستان دانراوەو چالاكوانێكی بواری ژینگەش دەڵێت، پێویستە لە هەرێمی كوردستان دادگاو دادوەری تایبەت بە ژینگە دابنرێت بۆ سزادانی سەرپێچیكاران.

سەروەر قەرەداغی، هاوسەرۆكی ڕێكخراوی سروشتی كوردستان بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، لە باشوری كوردستان بۆ ئەوەی ژینگەیەكی تەندروستمان هەبێت پێویستە ئەو هۆكارانە ڕابگیرێن كە دەبنە هۆی پیسكردنی ژینگە، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە ئەوە بكرێت و ڕۆژ بەڕۆژ هۆكارەكان لە زیادبووندان.

وتیشی، هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگەی هەرێم بریتین لە(نەبوونی كارگەی ڕیسایكلین كە بەو هۆیەوە هەموو زبڵ و خاشاكەكان تێكەڵ دەبن، زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل، تێكەڵاوبوونی ئاوەڕۆكان لەگەڵ سەرچاوەكانی ئاو، نەبوونی ئاوی پاكی خواردنەوە لە هەندێك ناوچە) كە ئەمە زەنگێكی مەترسیدارەو ئەگەر ڕێگری لێنەكرێت بەدڵنیاییەوە ژینگەی كوردستان بەرەو دۆخێكی مەترسیدار هەنگاو دەنێت.

سەروەر قەرەداغی:
“تا ئێستا ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا نەگەیشتووەتە ئاستی ستانداردی جیهانی”

ڕێژەیەی ستاندارد بۆ سەوزایی لەپارێزگاكاندا دانراوە كەپێویستە هەتا % 30 بێت ولە %15 كەترنەبێت ، سەبارەت بەوەی كە ئەو ڕێژەیە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە سەروەر قەرەداغی وتی، بەپێی ئامارەكان هەتا ئێستا لە ناوەندی هیچ پارێزگایەكی هەرێم نەگەیشتووەتە ئاستی ستانداردی جیهانی، هەوڵەكان لەم ڕووەوە هەن و بەردەوامن، بەڵام وەك پێویست نین .

“حكومەت كەمتەرخەمە”

دەشڵێت” ئەگەر پلانی وورد و درێژخایەن هەبوایە دەتوانرا لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو ڕێژەیە بۆ سەرووی ئاستی ستانداردیش بەرز بكرایەتەوە و ئەمە بۆ كەمتەرخەمی حكومەت دەگەڕێتەوە كە ساڵانە لەبەرچاوی میدیاكان چالاكی جۆراوجۆر بۆچاندنی نەمام ئەنجام دەدرێت بەڵام دواتر نابینین نەمامەكان سەوز ببن بەهۆی ئەوەی خزمەت ناكرێن و پشتگوێ‌ دەخرێن.

وتیشی، هۆكارێكی دیكەی پیسكردنی ژینگە نەبوونی هۆشیارییە لەلای تاكەكانی كۆمەڵگە و بۆ ئەوەی تاكێكی بەرپرسیار بەرامبەر ژینگە دروستبكەین پێویستە پاراستنی ژینگە بكرێت بە پرۆگرام و لە ناوەندەكانی خوێندن هەر لە باخچەی ساوایانەوە هەتا كۆتا قۆناغی خوێندن بوترێتەوە.

دەشڵێت، جگە لە لایەنی پەروەردە كە ڕۆڵی هەیە لە هۆشیاركردنەوەی تاكدا لایەنی یاساش بەهەمان شێوە ڕۆڵی هەیە و پێویستە هەندێك یاسا هەموار بكرێنەوە و یاسای باشتر لەشوێنیان دابنرێت و بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لە ئەو دەستدرێژیانە بكەین كە دەكرێنە سەر ژینگە دەبێت لەڕێگەی یاساوە سنوور دابنرێت و سزاكان توندتر بكرێن .

“پێویستە دادگای تایبەتمەند بە بواری ژینگە دابنرێت بۆ سزادانی سەرپێچیكارانی بواری ژینگە”

سەروەر قەرەداغی دەڵێت، پێویستە دادگای تایەت بە ژینگە لە هەرێم دابنرێت، كە لە یەكەمین كۆنفڕانسی ژینگە لە ساڵی 2013 ئەنجامدرا كۆمەڵێك ڕاسپاردە هەبوو یەكێك لەوانە ئەوەبوو كە دەبێت دادگای ژینگەیی لە باشووری كوردستاندا دابمەزرێت و لەنێویشیدا دادوەری تایبەتمەندی ژینگە هەبێت بۆ دانان و جێبەجێكردنی سزاكان لەسەر ئەو كەسانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر ژینگە.