سەردێر

هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانە بۆ تێكدانی ڕێككەوتنی هەولێرو بەغدایە

خەڵك-ئارام سەردار

پەڕلەمانتارێكی پارتی ڕایدەگەیەنێت، ئامانج لەهێرشە تیرۆرستیەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر بۆ ئەوەیە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا جێگیر نەبێت و فەوزا لەپایتەخت دروست بكەن.

ڕێبوار بابكەیی، پەڕلەمانتاری پارتی لەپەڕلەمانی كوردستان لە بارەی ئەو هێرشە تیرۆریستیەی كە بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێر كرا بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو هێرشە ترسنۆك و تیرۆریستییە ڕامانی سیاسی و ئەمنی و ستراتیجی هەیە، ئامانجیش لێی بۆ ئەوەیە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا جێگیر نەبێت.

دەشڵێت، مەبەستێكی تری ئەو هێرشە بۆ ئەوەیە هەولێر بخاتە ژێر ڕكێفی ئەجێندای دەرەكی، و هەوڵدەدەن ئاسایشی پایتەخەتی دووەم لەسەر ئاستی عیڕاق بكەنە ئامانج، وە فەوزا لە هەرێمی كوردستان دروست بكات تا بكەوێتە ژێر هەژموونی ئەجێندای خۆیان، كە ئەمەش مەحاڵەو هەولێر ئیرادەی سیاسی خۆی هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسیاریەتی یەكەم لە بەگژداچوونەوەی ئەو هێرشانە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراقی و ئەمریكاو هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی و ئەم هێرشەش ئاوا بە ئاسانی تێناپەڕێت بەسەر بكەرە تیروریستەكانی، دەبێت لە كاتی خۆیدا سزای خۆیان وەربگرن.