سەردێر

هێمن موكریانی…. هاوارى ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە

ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی هێمن موكریانییە

 

خەڵك-

سەید محەمەد ئەمینی كوڕی سەید حەسەنی شێخولئیسلامی موكری ناسراو بە “هێمن”، ساڵی 1921 زایینی له گوندی “لاچین”ی نزیك شاری مە‌هاباد له ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە.

مامۆستا هێمن دوای خوێندنی سەرەتایی لە گوندەكەی خۆیان و لە شاری مەهاباد، باوكی دەینێرێتە بەر خوێندنی مەلایەتی و چوارساڵ لەوێ خوێندویەتی.

لە ساڵی ١٩٤١ی زایینیەوە دەستی بە شێعر نووسین كردووە. سەرەتا لاسایی شاعێرەكانی پێش خۆی كردۆتەوە و دواتر بوو بە خاوەن دەنگ و رەنگی تایبەتی خۆی لە شێعر و بەرهەمەكانیدا.

مامۆستا هێمن لە تەمەنی پڕ بەرهەمی خۆی لە بوار فەرهەنگ و ئەدەبی كوردیدا، خاوەن چەندین بەرهەمە كە لەوانە بارگەی یاران، توحفەی موزەفەرییە (فولكلۆری كوردی كە كاری ئوسكارنامەیە و هێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی)، شازادە و گەدا، قەڵای دمدم، هەوای خاڵی، چەپكێ گوڵ، چەپكێ نێرگز، ئەفسانە كوردییەكان.

جگە لە كاری هونەری و ئەدەبی، مامۆستا هێمن ئەندامی كۆمەڵەی “ژ.ك” بووە. دوای ئەوە كە “ژ.ك” بوو بە حزبی دێمۆكراتی كوردستان، هێمن بوو بە ئەندامی حزبی دێمۆكرات و لە كاتی دامەزراندنی كۆماری كوردستاندا شێعری خوێندۆتەوە. دوای نەمانی كۆماری كوردستان، دەچێتە باشووری كوردستان و ماوەیەكیش لە بەغدا دەبێت.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، مامۆستا هێمن دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی كوردستان و وەكوو ئەندامی حزبی دێمۆكرات و شاعیرێكی نەتەوەیی و وڵاتپارێز درێژەی بە تێكۆشانی خۆی دەدات.

پاش ئەوە لە كۆنگرەی چواری حزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێراندا لەگەڵ شەش كەسی دیكە (كە دواتر بە كۆنگرە چوارییەكان ناسران) تووشی كێشەی سیاسی بوو، وازی لە حزبایەتی هێنا و بە تەواوە كاتەكانی خۆی بۆ كاری هونەری و ئەدەبی تەرخان كرد. بۆ ئەو مەبەستە بە هاوكاری هەندێ كەسی دیكە گۆڤاری “سروە”یان دامەزراند كە توانی خزمەتێكی گەورە بە زمان و ئەدەبی كوردی بكات لە رۆژهەڵاتی كوردستان.

لە ١٦ نیسانی ١٩٨٦مامۆستا هێمن كۆچی دوایی كرد و گەلی كوردیش شاعیرێكی وڵاتپارێز، بە ئەمەك و دڵسۆزی خاك ونیشتمان و زمان و ئەدەبی كوردی لە دەستدا.


سەرچاوە: مادمێدیا