سەردێر

هاوپەیمانییەكەی هادى عامری: ڕووبەڕووی حكومەت دەبینەوە

خەڵك-
هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامریەوە سەركردایەتی دەكرێت ڕایدەگەیەنێت، ڕووبەڕووی حكومەت دەبینەوە، بەو هەڵانەی لەم ماوەیەی دواییدا ئەنجامیدا، بۆیە بە هەموو هەڵوێستەكاندا دەچینەوە.

ئەحمەد كینانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”زۆرێك لە كێشە دارایی و نەختینەكان لە بازاڕدا دەستنیشان كران، لەگەڵ مەودای كاریگەرییان لەسەر هاووڵاتی ئاسایی، ئەمەش وادەكات پێداچوونەوە بە هەڵوێستەكاندا بكرێت لەگەڵ حكومەتی ئێستا و سیاسەتە هەڵەكانی بەرانبەر بە هاووڵاتی”.

بە وتەی كینانی”هەڵەی سیاسەتی دارایی حكومەت، كاریگەریی لەسەر فەرمانبەری ئاسایی دروستكردووە كە تەنیا پشت بە مووچەكەی دەبەستێت، بەو پێیەی كەمتر لە بەهای ڕاستەقینەی مووچەی مانگانەی وەردەگرێت، دوای ئەوەی پێشتر ملیۆنێك دینار 800 دۆلاری دەكرد و ئێستا بۆتە 600 دۆلار”.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت”ئەم ڕێكارانە هەموو گەلی عیراقیان هەژار كرد نەك تەنیا فەرمانبەر، بۆیە لەماوەی داهاتوودا بەڕووی حكومەتدا دەوەستینەوە لەڕێی ئەوەی لە بازاڕی عیراقیدا ڕوودەدات كە چۆن تێیدا هاووڵاتیانی عیراق قوتی ڕۆژانەی بەهەدەر دەدرێت”.