سەردێر

“داوامانکردووە سزای ئەو کەسانە بدرێت، کە سروشت و ژینگە پیسدەکەن”

 

خەڵک – نزار جەزا

هەفتەی ژینگە لەهەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا و پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیش داوا لەهاوڵاتییاندەکات کە لەکاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا سروشت و ژینگە بپارێزن.

 

هێمن کەمەرخان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، بەردەوام لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بابەتى هۆشیارییان بڵاوکردۆتەوە، بۆئەوەى هاوڵاتییان ژینگە پیسنەکەن و لەکاتی گەشت و سەیرانەکاندا پشکۆکان بکوژێننەوە، خۆڵ و پیسییەکانی پاشخۆیان کۆبکەنەوە و بەتایبەت بابەتە پلاستیکی و نایلۆنەکان لەوێ جێنەهێڵن.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، هەندێک کەس بەم ڕێنماییانەوە پابەندنابن، بۆیە لەگەڵ سەرووی خۆیاندا قسەیان کردووە، بۆئەوەی ئەو کەسانەى لەکاتی گەشت و سەیراندا ژینگە پیسدەکەن سزا بدرێن.

 

باسی لەئەوەشکرد، سزای یاسایی بۆ ئەو کەسانە هەیە، کە دار دەبڕنەوە یان ڕاوی ئاژەڵی کێوی دەکەن، یان دارستانەکان دەسوتێنن، یان هەندێک بابەتی دیکە، بەڵام بۆ سەیرانکەران تاکو ئێستا سزایەکی دیاریکراو نییە.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، سەرووی خۆیان هاوڕان بۆ دانانی سزایەک بۆ ئەو کەسانە، بەڵام وەک لایەنی جێبەجێکار تەنها لەسەرشانیانە کە پێشنیازەکان بۆ سەرووی خۆیان بەرزبکەنەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، دەستخۆشی لەهاوڵاتییان کرد، کە خۆشەویستییان بۆ سروشت و ژینگە هەیە، چونکە زۆرجار ئەو هاوڵاتییانە لەسەرپێچییەکان ئاگاداریاندەکەنەوە، بۆئەوەی ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.

بە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان و دواتریش بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، ڕۆژی ١٦/٤ی هەموو ساڵێك بە ڕۆژی ژینگەی كوردستان دیاری كراوە، بەڵام بەشێوەیەکی جیاوازتر ئەمڕۆ هەتا 21 -4 هەفتەی ژینگەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندرا.