سەردێر

” هێرشەكەی هەولێر ئەنجامی شەڕی بریكاری ئەمریكاو ئێرانە”

خەڵك
چاودێرێكی سیاسی دەڵێت هێرشەكانی سەر هەولێر ئەنجامی شەڕی بریكاری ئەمریكاو ئێرانە و دەشڵێت دەبێت كورد لەنێوخۆدا یەكگرتووبێت بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو دۆخە.

هیوا سەید سەلیم، چاودێری سیاسی بە(خەڵك) ی ڕاگەیاند، هێرشەكەی هەولێر شەڕێكی بریكاریە لەنێوان ئێران و ئەمریكادا
دوای ئەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەمریكا ناچار كرا كە بنكە سەربازیەكانی لە خوارو و ناوەڕاستی عێراق چۆڵبكات بەشێكیان هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و جار جارە دەكرێنە ئامانج بەڵام ئامانجە سەرەكیەكە هەرێمی كوردستانە، چونكە پڕوشی شەڕەكە بەر هەرێم دەكەوێت بەوەی كە جۆرێك لە ناسەقامگیری ئەمنی لە هەرێمی كوردستان دروستدەكات.

وتیشی، مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەم دۆخە بە دوو پرس دەبێت یەكێكیان هێزەكانی هاوپەیمانان ئاگادارو دڵنیا بكاتەوە كە ئۆباڵی پاراستنی ئەمنیەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە سەر شانی هێزەكانی هاوپەیمانان .

دەشڵێت، پرسەكەی دیكە ئەوەیە كە لە ناوخۆی خۆمان كێشەو ململانێكانی نێوان لایەنە سیاسیەكان نەهێڵین بۆ ئەوەی ڕووبوڕووی هەر هێرشێك ببێتەوە كە بەداخەوە ئێستا بارودۆخەكە لەبار نییە بۆ ئەوەی داوای ئەو یەكڕیزییەیان لێبكەین.

درەنگانی شەوی ١٤ی نیسان لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز بیسترا و دواتر وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند لە رێگەی درۆن ئەنجام دراوە.