سەردێر

زانیاری بۆ ئەو کەسانەى ڤاکسین بەکاردەهێنن

هەفتەی ئایندە ڤاکسینە ئەمریکییەکە لەسلێمانی دابەشدەکرێت

خەڵک – نزار جەزا

هەفتەی ئایندە دەست بەدابەشکردنی ڤاکسینی ڤایزەری ئەمریکی لەسلێمانی دەکرێت.

 

تاکو ئێستا ڤاکسینی ڤایزەری ئەمریکی لەسلێمانی مۆڵەتی دابەشکردنی پێنەدراوە و بڕیارە لەهەفتەى ئایندەوە دابەشبکرێت، بۆئەوەی بەهاوڵاتییان بدرێت.

 

هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، تاکو ئێستا سێ جۆر ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتۆتە سلێمانی، کە بریتین لە (سینۆفارمای چینی، ئەسترازینیکای بەریتانی، ڤایزەری ئەمریکی).

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، ئێستا جۆری سینۆفارمای چینییەکە تەواوبووە، ئەسترازینیکای بەریتانیش لەکۆتاییدایە خەریکە تەواودەبێت، بەڵام ڤایزەری ئەمریکی هێشتا دابەشنەکراوە.

 

باسی لەئەوەشکرد، بڕیارە لەیەک شەممەوە جۆری سێهەم، کە ڤایزەری ئەمریکییە لەنەخۆشخانەى شەهید هێمن و نەخۆشخانەى شەهید تاهیر عەلی والی بەگ و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی دابەشبکرێت، چونکە ئەم ڤایزەرە پێویستی بەسەلاجەى تایبەت هەیە بۆ هەڵگرتن، ناکرێت لەهەموو شوێنێک دابنرێت.

 

جگە لەڤاکسینی ڤایزەر لەم مەڵبەندانەی خوارەوە ڤاکسینەکانی دیکە بەهاوڵاتییان دەدرێت:

مەڵبەندی تەندروستی شەهید شەماڵ ) لە گەڕەکی مامۆستایان .
٭ مەڵبەندی تەندروستی ( شەهید سەردار )لەگەڕەکی گۆیژە .
٭ مەڵبەندی تەندروستی ( بەختیاری ) لەگەڕەکی بەختیاری .
٭ مەڵبەندی تەندروستی ( شەهید ڕەفیقی حمەجان ) لەگەڕەکی قالاوە .
٭ مەڵبەندی تەندروستی ( شەهید ڕێباز ) لە گەڕەکی بەکرەجۆ .
٭مەڵبەندی تەندروستی ( زێڕینۆک ) لە گەڕەکی زێڕینۆک .
٭ مەڵبەندی تەندروستی ( ڕاپەڕینی نوێ ) لەگەڕەکی ڕاپەڕین .
٭ مەڵبەندی تەندروستی ( سەرچنار ) لە سەرچنار .
٭ مەڵبەندی تەندروستی ( ابراهیم احمد ) لە گەڕەکی ابراهیم احمد .
٭ مەڵبەندی تەندروستی ( ڕۆژهەڵات ) لەگەڕەکی ڕۆژهەڵات .
٭ مەڵبەندی تەندروستی ( کارێزەووشک ) لەگەڕەکی کارێزەووشک .

 

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی: هاوڵاتییان ئازادن چ جۆرە ڤاکسینێک بەکاربهێنێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، هەتا کارمەندی تەندروستی هەبێت و بیهەوێت ڤاکسین بەئەو دەدرێت، بەڵام هەندێک کارمەند هەیە بەکاریناهێنێت، بۆیە هەر هاوڵاتییەک بیهەوێت دەدرێت بەئەوان و دەتوانن سەردانی ئەو ناوەندانە بکەن، کە ڤاکسینی لێیە.

 

ئەوەشی باسکرد، باشترە ئەو کەسەی ڤاکسین بەکاردەهێنێت تووشبووی کۆرۆنا نەبێت و نیشانەکانی نەبێت و لەماوەى چەند هەفتەى پێشوودا ڤاکسینی دیکەی بەکارنەهێنابێت.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، حکومەتى هەرێم گرێبەستی کردووە، ڤاکسینی سینۆفاڕمی چینی و ئەوانی دیکەی کڕیوە، هاوکات حکومەتی عیراق بەڵێنیداوە هەفتانە هەتا بەشی سلێمانی تەواودەبێت ڤایزەری ئەمریکی بنێرێت.