سەردێر

هەفتەی ژینگەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا

خەڵك
سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە هەتا 21 -4 هەفتەی ژینگەی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنین و وتیشی كاردەكەین بۆ كردنەوەی فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە.

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، بە بڕیاری نەتەوەیەكگرتووەكان و دواتریش بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، ڕۆژی ١٦/٤ی هەموو ساڵێك بە ڕۆژی ژینگەی كوردستان دیاری كردووە.

وتیشی، لەمڕۆوە هەفتەی ژینگەی كوردستان رادەگەیەنین و هەوڵدەدەین بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆش ڕۆژی ژینگە دابنێین و بابەتی ژینگە دوو باڵە باڵێك هۆشیاری و باڵێك یاسا.

وتیشی: لەم هەفتەیەوە كاردەكەین بۆ كردنەوەی فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە، ئەوەش ئەرك و فەرمانی تایبەت بەخۆی دەبێت و ئەنجامدانی چالاكییە ژینگەییەكان لە ئەستۆ دەگرێت.

لە بەشیكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی دەستەی ژینگە بە پێویستی زانی رایەڵەیەكی هاوبەشی نێوان دەستەی ژینگە و ڕێكخراوەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دروست بكرێت.

لەبارەی پارەی ژینگە و ڕێگاوبان كە لە شۆفێرانی كوردستان وەردەگیرێت، سەرۆكی دەستەی ژینگە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لە هەوڵدان بەشێك لەوپارەیە بخرێتە سندوقی دەستەی ژینگە و بۆ چالاكییەكان خەرجی بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە وەكوو دەستەی ژینگە بەباشی دەزانین وەك لەبڕگەی یاسای ژمارە ٢٥ی تایبەت بە یاسای ژینگەی تەندروستی و ژینگەی عیراقی دیاری كراوە، هێزێكی ژینگەیی دروست بكرێت و هەموو تەكنیك و هونەرەكانی ژینگەیی لەبەرچاو بگرێت.