سەردێر

سبەی ڕۆژی ژینگەی هەرێمە

خەڵك
ڕۆژی 16 ی نیسانی هەموو ساڵێك كراوەتە ڕۆژی ژینگە لەهەرێمی كوردستان و دەستەی ژینگەی هەرێمیش داوا دەكات ئەو یادە بكرێتە دەروازەیەك بۆ سەرنج ڕاكێشانی سیاسەتمەداران و دروستكارانی بڕیار لەهەرێمی كوردستاندا بەلای پرسەكانی ژینگەدا.

دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، دەستەی ژینگە كاردەكات بۆ ئەوەی ئەو بۆنەیە ببێتە دەروازەی بیرخستنەوە بۆ هۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەپارێزییداو، بۆ برەودان بە ڕۆڵی كۆمەڵگەی كوردستانیی لە گۆڕینی هەڵوێستەكانیان بە ئاراستەی پاراستن‌و چاككردنی ژینگەو، دروستكردنی رۆشنبیرییەكی ژینگەپارێزیی لەلایان، هەروەها بۆ سەرنج ڕاكێشانی سیاسەتمەداران و دروستكارانی بڕیار لەهەرێمی كوردستاندا بەلای پرسەكانی ژینگەداو.

ئاماژە بەوەشكراوە، پێویستە كار بكرێت بۆ دروستكردنی بایەخپێدانێكی باشتری ناوخۆیی بە ژینگەو پێكهێنەرەكانی لەرێگەی پابەندكردنی هاوڵاتیان بەیاساو رێنماییە ژینگەییەكانەوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، لە ڕۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستاندا ، پێویستە لە بیری ئەوەدا بین كە دابینكردنی پێداویستییەكانی مرۆڤ لە ڕووی ژینگەییەوە لە مافە سەرەكییەكانی خۆیەتی وەك بەشێك لە مافەكانی مرۆڤ بە گشتی ، هەروەها پێویستە ئەو راستییەش بزانین كە بەسەربردنی ژیان و گوزەران لەژینگەیەكی سەلامەتدا مافێكی دەستووریی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتەیە بەپێی ماددەی (33)ی دەستووری عێراقی فیدراڵ.

“گرفتەكانی ژینگە لە داهاتوودا زیاتر دەبن”

دەستەی ژینگە دەشڵێت، هەر لەم رۆژەدا دەستەی ژینگە بەئەركی خۆی دەزانێت كە مەترسییەكانی ژینگە زیاترو باشتر بۆ گشت وەزارەت و دەستە جێبەجێكارەكان و كەرتی تایبەت و هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان روون بكاتەوە ، چونكە لەسایەی بەردەوامییدان بە پەرەپێدانی فراوان لەهەرێمدا واچاوەڕوان دەكرێت لەداهاتوودا بەشێوەیەكی بەرچاو گرفتەكانی پیسبوونی ژینگەی زیاتر تێدا دەربكەوێت.