سەردێر

حەشدی شەعبی پاشاگەردانی لە موسڵ دروستكردووە

خەڵك

بەرپرسێك لە موسڵ دەڵێت، هێرشەكانی سەر موسڵ بەهۆی حەشدی شەعبیەوەیە كە جۆرێك لە پاشاگەردانی و بێ‌ یاساییان دروستكردووەو بوونەتە هۆكاری زیادبوونی جوڵەكانی داعش.

سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هێرشەكانی موسڵ بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە كە حەشدی شەعبی بە شێوەیەكی نایاسایی لەسنورەكەدایەو سوپای عێراقیش هیچ دەسەڵاتێكی نییە، هەتا قائیمقام و پارێزگاریش ئەو دەسەڵاتەیان نییە كە حەشدی شەعبی هەیەتی بۆیە ئەو هێرشانە بەردەوامن.

وتیشی، جۆرێك لە بێ یاسایی و پاشاگەردانی بەهۆی حەشدی شەعبیەوە لە موسڵ دروست بووە و ئەمەش بووەتە هۆكاری زیاتری جوڵەكانی داعش.

دەشڵێت، ڕەوشی موسڵ باش نییە تیرۆرستانی داعش بەردەوام ڕۆژ بەڕۆژ چالاكییەكانیان لە زیادبووندایە، دوێنێ‌ 7 تیرۆرستی داعش دەستگیركران كە واتە بوونیان هەیە لەنێو موسڵ و بە ئاشكراش لە ناوچەكانی حەزەرو شەرگات و دەوروبەری و هەتا سنووری سوریاش بوونیان هەیە.