سەردێر

هۆشیار زێباری لایەنێك بە ئەنجامدانی هێرشەكەی سەر هەولێر تۆمەتبار دەكات

خەڵك

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت:” پێدەچێت هەمان ئەو میلیشیایانەی دوو مانگ لەمەوپێش هێرشیان كردە سەر هەولێر هەر ئەوان ئەم هێرشەیان ئەنجامدابێت”.


هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جریوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە، “هێرشێكی تری تیرۆریستی كرایە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و پێدەچێت هەمان ئەو میلیشیایانەی دوو مانگ لەمەوپێش هێرشیان كردە سەر هەولێر هەر ئەوان ئەم هێرشەیان ئەنجامدابێت”.

جێی ئاماژەیە، ئەمشەو مووشەكێك ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كرا، بەڵام تا ئێستا زیانەكانی ئەو پەلامارە مووشەكییە و ئەنجامدەرەكەی نەزانراوە.

دوابەدوای ڕووداوەكە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، دەنگی تەقینەوەیەك لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بیسترا، دەزگا پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردراون بەدواداچوون و لیكۆڵینەوە بكەن و دواتر هۆكاری تەقینەوەكە و دەرەنجامی لێكۆڵینەوەكە بڵاودەكەینەوە.

لایخۆشیەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: ڕووداوەكە كارێكی ترسنۆكانەی تیرۆرستی بووە، هاووڵاتیان هەولێر دڵنیادەكەینەوە هیچ مەترسییەك نییە، هەولێر ئارامە، ئەو بازگانەشی لەناو هەولێر هەیە پەیوەندی نییە بە ڕووداوەكە بەڵكو پەیوەندی بەڕێكارە خۆپارێزییەكان هەیە كەوا هاوكاری هاووڵاتیان بكەن.