سەردێر

عیراق، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندكاران دەكرێت

خەڵك-
لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عیراق، داوای لە وەزارەتی پەروەردە دەكات، لە بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێنكاران لە خوێندنگەكاندا پاشەگەزببێتەوە، ڕەتیشیدەكاتەوە خوێندكارانی قۆناغەكانی سەرەتایی بتوانن پابەندی ڕێكارە تەندروستییەكان ببن.

جەواد موسەوی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند”دەوامی خوێنداكارانی ناوەندی و دواناوەندی دەبوو دەستپێبكاتەوە، بەڵام دەوامی خوێندكارانی قۆناغەكانی سەرەتایی بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە لە سایەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەنگاوێكی زۆر مەترسیدارە و پێویستە وەزارەتەكە بەر لەوەی كار لە كار بترازێت، لەو بڕیارەی پاشگەزببێتەوە”.

بە وتەی موسەوی وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە”وڵات لە ترۆپكی تووشبوونی تەوژمی دووەمی كۆرۆنادایە، بڕیارەكەی وەزارەتى پەروەردەش  هێندەی تر ژمارەی تووشبوان لە ڕیزی خوێندكاران و خێزانەكانیان زیاتر دەكات، ئەمەش بەهۆی پێداگری وەزارەت لەسەر دەستپێكردنەوەی دەوام لە پۆلەكان كە پێچەوانەی مەرجەكانی تەندروستی و سەلامەتییە”.