سەردێر

كەی خوێندنی ناو پۆل دەستپێدەكاتەوە؟

خەڵك-
وەزیری پەروەردەی عیراق كاتی دەستپێكردنی پڕۆسەی خوێندنی لەناو پۆل ڕاگەیاند و جەختیشی كردەوە، كە دوو ڕۆژ دەوام دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان دیاری نەكراوە.

عەلی حەمید، وەزیری پەروەردەی عیراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی ڕۆژی یەك شەممەی داهاتوو 18ی نیسان دەست دەكرێتەوە بە پڕۆسەی خوێندنی ناو پۆل بۆ چەند قۆناغێكی خوێندنگە حكومی و ئەهلییەكان.

ڕاشیگەیاندووە، پڕۆسەكە پۆلەكانی (1 و 2 و 3)ی سەرەتایی و پۆلە كۆتاكانی (6ی سەرەتایی و 3ی ناوەندی و 6ی ئامادەیی) دەگرێتەوە و هەفتانە دوو ڕۆژ لەناو پۆل دەوام دەكەن لەم مانگە و مانگی داهاتوودا.

جەختیشی كردۆتەوە، خشتەیەك بۆ دەوامی ئەو پۆلانە دادەنرێت و پۆلەكانی دیكەش خوێندنیان بە ئەلیكترۆنی بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر خوێندنگەیەكی ئەهلی سەرپێچی بكات مۆڵەتەكەی لێ‌ وەردەگیرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕۆژی یەك شەممەی ڕابردوو لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بڕیاری داخستنی دەرگای خوێندنگەكانی درێژكردەوە و خوێندن كرا بە ئەلیكترۆنی و تاوەكو ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنا كەم نەبێتەوە دەرگای خوێندنگەكان ناكرێنەوە.