سەردێر

دوا وادەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران ڕاگەیەنرا

خەڵك-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، دوایین وادەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران ڕادەگەیەنێت كە سبەنینێ‌ پێنج شەممەیە، ڕۆژی شەممەی داهاتووش وەك وادەی كۆتایی وەرگرتنی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردن دیاریی دەكات.

جومانە ئەلغەلای وتەبێژی كۆمسیۆن لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بەردەوامە لەسەر نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ مەبەستی تەواوكردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی كە دەی تشرینی یەكەمی داهاتووە”.

بە وتەی ئەلغەلای”سبەینێ‌ پێنج شەممە، دوایین وادەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن كۆمسیۆنەوە دیاریی كراوە بۆ تەواوكردنی كارەكانی، شەممەی داهاتووش 17ی نیسان، دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردن”.

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەڵێت”دوای داخستن، كۆمسیۆن ژمارەی كاندیدەكان و ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی تۆمارەكانیان نوێكردۆتەوە، لەگەڵ ژمارەی هاوپەیمانییەكان و لیستەكان بۆ هەڵبژادنی داهاتوو ڕادەگەیەنێت”.