سەردێر

شەپۆلێکی بەھێزی گەرما عێراق و هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی بەهێزی گەرما ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و شارەزایەكی بواری كەشناسی داوا دەكات، “ئامادەكاری بۆ بكرێت، چونكە تا كۆتایی هەفتە دەخایەنێت”.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لەسەرەتای ھەفتەی ئایندەوە ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە ١٨-٤-٢٠٢١ تا ڕۆژانی ٢٠و٢١ی مانگ ناوچەکانمان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی گەرمای بەھێز بەتێکڕای ١٠ بۆ ١٢ پلەی سیلیزی بەرزبوونەوە لە پلەکانی گەرمی ڕووئەدات.

ڕاشیگەیاند، ئەو شەپۆلی گەرمایە لە باکوری ئەفریقاوە ڕوودەکاتەوە ناوچەکە و چەقی بەھێزی شەپۆلە گەرماکە ڕۆژانی سێ شەممە و چوار شەممە دەبێت.

ئاشكراشی كرد، پلەکانی گەرما لەناوچەکانی گەرمیان بۆ نزیک ٣٨ و ٤٠ پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە و لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم بۆ نزیک ٣٤ و ٣٥ پلەی سیلیزی زیاتر بەرزدەبنەوە و پێویست بەبەکارھێنانی ئامێری فێنککەرەوە دەکات لەناوچەکەدا.

ڕوونیشی كردەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ لەم مەودایەدا و ڕۆژی ٢٢-٤ی ئەو ساڵە شەپۆلێکی سەرما و باران و بەفر بارین ناوچەکانی ھەرێمی گرتەوە و لەناوچە شاخاوییەکاندا بەفر باری.

ئەو شارەزایەی كەشناسی دەشڵێت: “کاریگەری ئەم شەپۆلە گەرمایە تا کۆتایی ھەفتەی ئایندە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٢-٤-٢٠٢١ بەردەوامی ئەبێت”.