سەردێر

نرخی دۆلار و ئاڵتون لە بازاڕەكانی هەرێم شكان

خەڵك-
لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری بانكی ناوەندی بۆ زیاتركردنی بڕی خستنەبازاڕی دۆلار، بەهای ئەو دراوە ئەمریكییە بەرامبەر بە دینار دابەزینی تۆماركرد و هاوكات نرخی ئاڵتونیش لە بۆڕسەی جیهانی و هەرێم دابەزی.

خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، دوای ئەوەی دوێنێ‌ بەهای 100 دۆلار گەیشتە 149 هەزار و 500 دینار، بەیانی ئەمڕۆ نرخەكەی بۆ 148 هەزار و 800 دینار دابەزی.

وتیشی، “دوای ئەوەی بانكی ناوەندی ڕایگەیاند دۆلاری زیاتر دەخاتە بازاڕەوە دووبارە دوانیوەڕۆ نرخەكەی شكا و دابەزی بۆ 148 هەزار و 250 دینار و لە بۆڕسەی بەغدا دابەزیوە بۆ 147 هەزار و 500 دینار”.

لای خۆشیەوە، دانا وەرنی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، چەند ڕۆژێكە بەهای زێڕ لە بەرزبوونەوەدابوو، بەڵام دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهاكەی دابەزی و نرخی یەك ئۆنسە بوو بە 1743 دۆلار.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەو هۆیەوە نرخی یەك لیرە دابەزیوە بۆ 375 دۆلار و نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 365 هەزار و عەیارە 18 بە 313 هەزار دینارە.