سەردێر

عیراق، بۆمبێك بە كاروانێكی هاوپەیماناندا تەقییەوە

خەڵك-
سەرچاوەیەكی ئەمنی، ئاماژەی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو كرد بە كاروانێكی لۆجستی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باشووری عیراق.

ئەمڕۆ چوار شەممە، میدیاكانی عیراق لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویان كردەوە”لەسەر ڕێگەی ناسریە لە پارێزگای زیقار، بۆمبێك كە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە چێنرابوو، لەكاتی تێپەڕبوونی كاروانێكی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی تەقییەوە”.

بە وتەی سەرچاوەكە، تەقینەوەكە هیچ كەسێكی تێدا نەبۆتە قوربانی و هیچ زیانێكیش بەهۆی ڕووداوەكەوە نەكەوتۆتەوە.

لەم ماوەیەی دواییدا، بەئامانجگرتنی كاروانە لۆجستییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شارەكانی باشووری عیراق، بەشێوەیەكی بەرچاو زیادییان كردەوە، ئەمەش بە وتەی بەرپرسانی ئەمریكایی، دەچێتە خانەی كردەوە تیرۆریستییەكان لە عیراق.