سەردێر

“مەترسییەكانی سەر ژینگەی هەرێم زیاتر دەبن”

ئەم بەهارە گورزێكی گەورە لە ژینگەی هەرێم درا

خەڵك-

سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ژینگەی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی خێرای هاوێشتووە بۆ پیسبوون.
16-4ی هەموو ساڵێك كراوەتە ڕۆژی ژینگەی كوردستان، بەپێی زانیارییەكانیش ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان زۆر كەمترە لە ستانداردی جیهانی.

ملكۆ بازیانی سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ژینگەی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی خێرای هاوێشتووە بۆ پیسبوون، هەموو شار و شارۆچكەكانیشی گرتووەتەوە، هۆكارەكانیش زۆربوونی ئۆتۆمبێل و كۆمپانیاكانن، هاوردەی مەوادی خۆراكی بەسەرچوو، زۆربوونی مەوادی پلاستیكی، ئەمانە هۆكاری سەرەكین بۆ پیسبوونی خێرای ژینگەی هەرێم.
وتیشی”ئەم وەرزی بەهارە هێرشێكی زۆر توند كرایەسەر ژینگە لەلایەن گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە، بۆیە پیسبوونی ژینگەی هەرێم دەتوانین بڵێین كە ڕۆژ بە ڕۆژ خێراتر دەبێت لە هەرسێ ڕەگەزی خاك و هەوا و ئاو”.

ئاشكراشیكرد، لەم ساڵانەی دوایدا لەو ناوچانەی كە ناوچەی كشتوكاڵی بوون، لە هەولێر و سیتەك و عەزیزئاوا و مێرگەپان ئەمانە هەمووی زەوی كشتوكاڵین و ئێستا هەموو كراوە بە بینای گەورە و كۆگای تێدایە، ئەمەش 90% زەوی كشتوكاڵی نەهێشتووە.

ڕوونیشیكردەوە، بەداخەوە ئەو ڕێژە سەوزاییەی كە خۆڕسك بوو، لەلایەن هاووڵاتیانەوە لابراوە و كراوە بە بینا، ڕێژەی سەوزایی لە هەرێم نەگەیشتووەتە 8%، بەڵام هەندێك ناوچە ڕێژەكەی زیاترە، بەڵام لەسەر ئاستی هەرێم 8%یە، نابێت لە 15% كەمتر بێت، چونكە بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت ڕێژەی سەوزای 15% بۆ 25% بێت.