سەردێر

كاریگەرییەكانی بەندەری بەسرە لەسەر هەرێم

بازرگانەكانی هەرێم بۆ هاوردەكردن روو لە بەسرە دەكەن

خەڵك-

جێگری سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كرنەوەی بەندەری بەسرە كاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێت.

حكومەتی عێراقی بنیاتنانی بەندەری بەسرەی خستە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش كاریگەری ئاستی هەناردە و هاوردە لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.

عەتا شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كردنەوەی ئەو بەندەرە بۆ عێراق سوودی هەیە، چونكە گومركەكان لای ئێمە زۆر زیاد كراوە، بەڵام لەوێ هاوكاری بازرگانەكان دەكەن، لەبەرئەوەی زۆرێك لە بازرگانەكانی ئێمەش ڕووی كردووەتە ئەوێ و لەوێوە كاڵاكانیان دەهێننە عێراق.

وتیشی”پێشتر بازرگانەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە ڕێگای هەرێمی كوردستانەوە شمەكیان هاوردە دەكرد، بەڵام كاتێك گومركی عێراق و هەرێم یەكیگرتەوە، لای خۆمان لە سەدا سەد بڕیارەكە جێبەجێ دەكەن، بەڵام لە باشووری عێراق هاوكاری بازرگانەكان دەكەن و بە نیوە گومركەكەیان بۆ دەكەن، ئەمەش وایكردوو بازرگانەكانی ئێمە جارێكیتر ڕوو بكەنەوە بەسرە”.

ئاشكراشیكرد، كردنەوەی ئەو بەندەرە لە بەرژەوەندی ناوەڕاست و خوارووی عێراقە، ئەگەر گومركەكەش لای خۆمان هاوكاری بكرێن بازرگانەكان دەگەڕێنەوە بۆ سنوورەكانی خۆمان.

ناوبراو ئاشكراشیكرد، كردنەوەی بەندەری بەسرە زیان لە هەرێم دەدات، چونكە پێشتر كرێكار و ئۆتۆمبێلەكانی هەرێم سوودیان لەو بازرگانانە وەردەگرت كە لە هەرێمەوە شمەك و كاڵایان دەگواستەوە بۆ خوارووی عێراق.