سەردێر

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ئەنفالە

خەڵك-
ئەنفال پڕۆسەیەكی رژێمی پێشوووی عێراق بوو، بە ئامانجی قڕكردنی بنەڕەتی كورد و سوتانی خاكی كوردستان و هەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووری و لاوازكردن و نەهێشتنی كەلتووری رەسەنی كوردی كە بەهۆیەوە 182 هەزار كەس بوونە قوربانی.

پرۆسەكانی ئەنفال لە ساڵی ۱۹۸۸دا لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە بۆ سەر ناوچەكان بە چەند قۆناغێك دەستیپێكرد، سوپای عێراق بە هاوكاری چەكدارە كوردەكان بە سەركردایەتی مستەشارەكان ئەنجام دەدرا، لەكاتی هێرشكردندا، هەموو خەڵكیان دەگرت، پیاوەكان پێكەوە و ژن و منداڵ پێكەوە، پیرەكان پێكەوە، دواتر گواستیاننەوە بۆ مۆڵگەكانی ڕژێمی بەعس لە ناوچەكانی عەرعەر. لەوێ ئەشكەنجەیان دەدان. ئەوانەی دەمردن تەرمەكانیان فڕێ دەدان و سەگ لاشەكانی دەخواردن.

ئافرەتە گەنجەكانیان دەفرۆشت بە چەند وڵاتێكی عەرەبی، لە پاشان بە شۆفڵ چاڵیان هەڵدەكەند و پیاو و گەنجەكانیان دەكردە ناویەوە، پیر و پەككەوتووەكانیشیان ئازاد دەكرد.

(ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش) لە سەردەمی ڕٍژێمی پێشوودا، كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیار بوو لە عێراق و سەدام حوسێن سەرۆكی بوو، لە ڕێكەوتی ٢٩ی ئاداری ١٩٨٧ بڕیاری ژمارە ١٦٠ی دەركرد و بە پێی ئەو بڕیارە ئەنفال ئەنجامدەرێت. هەر پێش دەستپێكی پڕۆسەكە هێزەكانی سوپای عێراق تۆپبارانی ئەو ناوچانەی كە ڕژێم ناوی نابوو ناوچە قەدەغەكراوەكانیان دەكرد و كوشتنی زۆرترین ژمارەی ئەو خەڵكانەی لەو ناوچانەدا بوون.

بەپێی بڕیارێكی عەلی حەسەن مەجید ئەو شتومەك و سامانەی دەكەوێتە دەست جاشەكان بۆ خۆیان بێت جگە لە چەكە قورسەكان.

پرۆسەی ئەنفال بە هەشت قۆناغ بەڕێوەچوو:

ئەنفالی یەك: گەمارۆدانی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو لە سنووری ناوچەی شارباژێڕ لە 23 ی شوبات بۆ 19 /3ی ساڵی 1988 ئامانجی ئەم هێرشە لە ناوبردن‌و وێرانكردنی (25-30) گوندی دۆڵی جافایەتی بوو، شاڵاوەكە سنووری شارۆچكەكانی (سورداش و دووكان‌و بنگرد و سەرچنار و قەڵاچوالان و و چوارتا)ی گرتەوە، سەرپەرشتیاری هێرشەكە (سوڵتان هاشم ئەحمەد) بوو، هێزە بەشداربووەكان پێكهاتبوون لە (20) لیوا و (60) فەوج جگە لە مانەش 30 فەوجی سەربەخۆی موالیدەكانی 1945، هەموو ئەو هێزانە زیاتر لە 100 هێرش و پەلاماریان بۆ ناوچەكە برد لە ئەنجامدا ئەم گوندو ناوچانەیان داگیر كرد (قەمچوغە، شاخەڕەش، دۆڵەڕووت، قزلەر، قەڕەنگوێ، مەولان، قەڕەسەرد، پیرباز، دۆڵی مازەڵە، قەڵەم پاشا، ئاسۆس، قەڕەچەتان، شەدەڵە، پیرەمەگروون، زێوێ، گەڕەدێ، دابان، مەرگەو شارستێن)، ئەم گوندانەش وێرانكران لە هەمان هێرشدا سەرگەڵوو، كە 500 ماڵ بوو، بەرگەڵوو، كانی توو، چاڵاوە، یاخیان، چۆخماخ، یاخسەمەڕ، قەیوانی سەرێ، قەیوانی خوارێ، سنگر، مێوڵاكە، گاپیڵۆن، باڵخێ، گوێزڵێ، هەڵەدن، سێكانیان، چاڵاخ، قۆمەرغان، كوێرەكانی سێدەر و وڵاغلوو.

لە گەمارۆدانی ئەنفالی یەك دا 200-250 كەس كوژران، نزیكەی 160 كەس لەڕێگەدا كە بەرەو ئێران ڕۆیشتن بە هۆی سەرماو بەفرو باران مردن.

ئەنفالی دوو: قەرەداغ 22ی ئادار بۆ 1ی نیسان ساڵی 1988 ئەم هێرشە لە هەموو لایەكەوە گەمارۆی ناوچەكەی دا، كاتەكەی لە دوای نوێژی شێوانەوە دەستیپێكرد بە بۆردومانكردنی گوندی سێوسێنان، لە ئەنجامدا (80)كەس گیانیان لە دەست دا، خەڵكی قەرەداغ لە كاتی بۆمبارانكردنەكەدا بوون بە دوو بەشەوە هەندێكیان بەرەو سلێمانی ڕۆیشتن، ژمارەیەكیشیان لە ڕێگەدا گیران و ئەنفال كران.

ئەنفالی سێ: ناوچەكانی گەرمیان لە 7 ئادار بۆ 20 نیسانی ساڵی 1988 بەر گەورەترین شاڵاوی ئەنفال ‌و بەرفراوانترین هێرش و پەلامار كەوتن كە هەموو ناوچەكانی (كەلار، دووزخورماتوو، قادر كەرەم، كفری، چەمچەماڵ، پێباز، سەنگاو، تەكیە، بەشێك لە ناوچەی ئاغجەلەری) ڕاماڵی و زیانێكی ئێجگار گەورەی گیانی و ماڵی بە دانیشتوانەكەی گەیاند و نزیكەی (500) گوندی ئەم ناوچەیەی گرتەوە، و نزیكەی (30000) ژن و منداڵ و پیرو گەنجی بێ سەرو شوێن كرد، لەگەڵ وێرانكردنی چوار شارەدێ، تەنها لەیەك ڕۆژدا لە 14ی مانگی چواری 1988 نزیكەی (20000) ژن و منداڵ و پیاوی لە هەردوو گوندی كوڵەجۆ و ملەسوورە كۆكردەوەو بۆ شارەدێی قۆرەتووی ڕەوانەكردن پاشانیش شوێنبزری كردن.

ئەنفالی چوار : دۆڵی زێی بچووك لە 3 بۆ 8ی ئایاری ساڵی 1988
لەم شاڵاوەی ئەنفالدا هەموو ناوچەكانی (ڕێدار و ئاغجەلەر و تەق تەق و گوندی عەسكەر و كۆپتەپەی) گرتەوە، لەگەڵ دەشتی كۆیە.

ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت : دۆڵ و چیاكانی شەقڵاوە و ڕەواندز لە 15ی ئایار بۆ 26 ئابی 1988 یەكەم پەلاماری لەشكری لەم هێرشەدا كاتژمێر 6ی ئێوارەی 15ی ئایاری 1988 بوو لەم كاتەدا چەند فڕۆكەیەك كەوتنە كیمیاباران كردنی گوندەكانی (وەرە، نازەنین، كاموسەك، ئەسپێندار، عەلیاوا، سماقوڵی و بوونێ) لەم پەلامارە لە گوندی وەرە 36 كەس كوژران.

لە پاش نیوەڕۆی 23 ی ئایار گوندەكانی (بالیسان و هیران” و دۆڵەكانی دەوروبەری بە خەستی درانە بەر بۆمبی كیمایی.

ئەنفالی هەشت: بادینان 25 ی ئاب بۆ 6 ئەیلولی ساڵی 1988
لەم شاڵاوەدا بەعس ویستی بە بێدەنگی لە ناوچەكانی بادینان بدا، چونكە نزیكە لە سنووری توركیا و بۆ ئەوەی ئەوروپا بەم كردەوە قیزەونەی نەزانێت و سزایی نەدا.

لە ڕۆژی 24ی ئابدا هێرشكرایە سەر چیای گارە بە بۆمبی هێشوویی، لە ڕۆژی 25ی ئابدا هێرش كرایە سەر گوندی برجینی شارەدێی زاوێتە، گوندی توێكا ، ئەوبەری زێی خاپوور و هێسێ و خەرابیا و یەكمالەی بەرواری سەرێ كیمیاباران كران نزیكەی 40 كەس كوژران هەر لە ڕۆژی 25ی ئابدا گەورەترین و خەستترین هێرشی كیمیایی كرایە سەر گوندەكانی شێروانە و ڕدینا و سارتكێ و هەر لەو شەوەدا هەردوو گوندی ڕێكانی و نێروەیییان كیمیاباران كرد، گوندەكانی بركەڤرێ و وەرمێلێ و بلێجانێ و بانێی بە فڕۆكە كیمیاباران كران بە شێوەیەكی گشتی 50 گوندی ناوچەكە بۆمباران كران.