سەردێر

خوێندكارێكی كچ بە لەچكەكەی خۆی خنكاند

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات، كە كچە خوێندكارێك گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و دەركەوتووە خۆی خنكاندووە و لە شوێنی ڕووداوەكەش لەچكەكەی دۆزراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، کاتژمێر ٣:٢٠ خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی کچێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بەناوی (س،خ،ر) گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە، کە پیشەی خوێندکار و دانیشتوی ڕانیە گەڕەکی نەورۆزە.

ڕاشیگەیاندووە، شوێنەواری برینی پەت بە ملیەوە هەبووە و دوای ئەوەی لەلایەن پزیشکەوە مردنەکەی پشتڕاستکرایەوە، تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەری سلێمانی بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پۆلیسی بەڵگەکانی تاوانی ڕاپەڕین گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پێدەچێت ڕووداوەکە خۆهەڵواسین بێت و لە شوێنی ڕووداوەکەش دەستگیرا بەسەر ئەو لەچکەی، کە ناوبراو پێوەی هەڵواسرابوو.

جەختیشی كردۆتەوە، مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە بەردەوامە.