سەردێر

عیراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم بڕیاریدا

خەڵك-

وەزارەتی بازرگانی عیراق كاتی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دیاری دەكات و جەختیشدەكاتەوە، گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگیرێت و بۆ ئەوەش 11 ناوەند و سایلۆی دیاریكردووە.

عەبدولڕەحمان ئەلجویبراوی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای دانەوێڵە ئاماژەی بەوەكردووە لە 15ی ئەم مانگەوە دەست دەكەن بە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق بۆ ساڵی 2021 لەو ناوەند و سایلۆیانەی لە پارێزگاكان دیاری كراون.

ڕاشیگەیاندووە، سەرجەم سایلۆكانی تایبەت بە گەنم لەبەردەم جوتیاران واڵا دەكرێن و بۆ پارێزگاكانی دیكەش بەپێی وەرزی پێگەیشتنی گەنم دەست بە وەرگرتنی دەكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، كە لە تەواوی پارێزگاكان لە بەسڕەوە تاوەكو زاخۆ 80 ناوەند و سایلۆ دیاری كراون و بەپێی تێكڕای بەرهەمی گەنمی بەرهەمهاتوو بۆ هەر پارێزگایەك گەنم وەردەگیرێت.

بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای دانەوێڵەی عیراق وتوشیەتی، “لە شارەكانی هەرێمیش سایلۆی وەرگرتنی گەنم دیاری كراوە، كە لە هەولێر 2 شوێنە و لە دهۆك 3 شوێن و لە سلێمانی 6 شوێن دیاری كراون”.