سەردێر

هاوسەرۆكانی یەكێتی لەڕێی ئەمریكاییەكانەوە پەیامێك بە پارتی دەدەن

خەڵك-
هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمریكاییەكان كۆدەبنەوە و ڕایدەگەیەنن، كە دەبێت ئەو خاڵانەی لەگەڵ پارتی لەسەری ڕێككەوتوون بۆ پێكهێنانی حكومەت جێبەجێ‌ بكرێن و بودجە لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و باشتركردنی بژێوی ژیان بەگەڕبخرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی یەكێتی، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆكانی یەكێتیی لە دەباشان پێشوازییان لە ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ڕۆب واڵەر، كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، ھاوسەرۆكانی یەكێتی كۆی ڕوانین و پێشنیار و بڕیارەكانی یەكێتییان لەبارەی پێشھات و پرسەكان خستەڕوو، بەگرنگییەوە ئاماژەیان بە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق و چەسپاندنی پشكی هەرێم كرد و جەختیان كردەوە، “پێویستە بودجە لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و باشتركردنی بژێوی ژیان بەگەڕبخرێت” و ئەم ھەنگاوەشیان بە سەرەتایەكی باش بۆ دروستكردنەوەی متمانە لەنێوان ھەرێم و عێراق وەسفكرد.

ھاوسەرۆكانی یەكێتی خواستی یەكێتییان دووپاتكردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەكاتی خۆیدا و بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بە چاودێری ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و دوور لە دەستتێوەردان، كە گوزارشت لە ئیرادەی ھەموو پێكھاتەكان بكات.

لەبارەی جموجۆڵی پاشماوەكانی داعش بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا و جەخت لە ھەماھەنگی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەگەڵ ھێزەكانی ھاوپەیمانان كرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی تیرۆریستان و بەرقەراركردنی ئارامی زیاتر بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش هاوسەرۆكانی یەكێتیی ویستی حزبەكەیان بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە كوردستانییەكان دووپاتكردەوە و بە خاڵێكی گرنگیان لەقەڵەمدا بۆ گەشەكردنی زیاتری هەرێمی كوردستان لەهەموو ڕووەكانەوە.

بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی جەختیان لە جێبەجێكردنی سەرجەم خاڵەكانی ئەو ڕێككەوتنە كردەوە، كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیانە بۆ بەشداریكردن و بەڕێوەبردنی حكومەت، كە دەبێتە مایەی زیاتر سەقامگیری هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.