سەردێر

كازمی: زیادبوونی نرخ لە بازاڕ چاوچنۆكی بازرگانەكانە

 

خەڵك-
سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، كە سەركەوتوو بوون لە زیادكردنی یەدەگی بانكی ناوەندی و دەشڵێت: “هەڵمەتێك دەستپێدەكەن بۆ سزادانی ئەوانەی نرخ زیاد دەكەن.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاندووە، بەردەوام چاودێری خواست و پێویستییەكانی هاووڵاتیان دەكەن و هەوڵ دەدەن بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و دەشبێت سەرجەم وەزارەتەكان ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرن.

ڕاشیگەیاندووە، ئێمە هاتووین بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و سەركەوتن بەسەر ئاڵنگارییەكان نەك بۆ ئامانجی سیاسی، چونكە چەندین بوار هەیە سەركەوتووین تێیدا و چەندین بواری دیكەش دەبێت چاودێری بكەین.

كازمی ئاماژەی بەوەكردووە، وەزارەتی بازرگانی ڕاسپێردراوە بۆ كاركردنی بەردەوام بۆ دابین كردنی ماددەكانی بەشەخۆراك بەپێی پسووڵەی خۆراك بۆ هاووڵاتیان و دەبێت زۆرترین هەوڵ بدات بۆ دابین كردنی خۆراكە سەرەكییەكان.

سەبارەت بە نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕدا وتویەتی، “سەركەوتووبووین لە زیادكردنی یەدەگی بانكی ناوەندی لە دۆلار دوای ئەو ڕێكارانەی چاكسازی، كە پێی هەستاوین، بەڵام زیادبوونی نرخی خۆراك و كاڵاكان پەیوەستە بە چاوچنۆكی بازرگانەكان و بۆ ئەوەش هەڵمەتێك دەستپێدەكەین بۆ سزادانی ئەوانەی یاری بە نرخ دەكەن”.