سەردێر

وەرگرتنی دەرزی و ڤاكسین ڕۆژوو دەشكێنێت؟

خەڵك-

وتەبێژی لقی هەولێر یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەرز و وەرگرتنی ڤاكسین ڕۆژوو ناشكێنێت.

مامۆستا ڕەعد ئۆمەر بلی، وتەبێژی لقی هەولێر یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوو جۆر نەخۆشیمان هەیە، ئەوانەی پزیشك پێی ووتوون نابێت بە ڕۆژوو بن دەبێت تەنها فیدیە بدەن.
وتیشی”لە ئێستادا كۆرۆنامان هەیە، بەشێوەیەك هەندێك كەس كۆرۆنای گرتووە و چاكبووتەوە، بەڵام بەهۆی كۆرۆناكەوە ئێستا بێ هێزەو بەرگری لاوازەو لەوانەیە پێویستی بە خواردن و وەرگرتنی چارەسەر بێت، ئەگەر پزیشك بڵێت نابێت بە ڕۆژوو بێت دەبێت ڕۆژوەكەی پشكێنێت و دواتر تەنها ڕۆژوەكە دەگێڕێتەوە”.

ئاشكراشیكرد، ئەگەر ئەو كەسەی لە كۆرۆنا چاك بووەتەوە و نەخۆشی درێژخایەنیشی لەگەڵ بوو تەنها فیدیەكەی دەدات.

ڕوونیشیكردەوە، هەندێك نەخۆشی كۆرۆنا هەیە دەڵێت جارێ دیار نییە كە بێتاقەت دەبم، بەڵام پێویستە بەڕۆژوو بێت و ئەگەر بێتاقەت بوو لەو ڕۆژەدا دەتوانێت بیشكێنێت و چارەسەر وەربگرێت و دواتر دەتوانێت ڕۆژوەكەی بگرێتەوە.
سەبارەت بە وەرگرتنی دەرزی و وەرگرتنی ڤاكسین ناوبراو ڕایگەیاند، دەرزی و ڤاكسین ڕۆژوو ناشكێنێت، بەڵام دەرزی ووزە ڕۆژوو دەشكێنێت.