سەردێر

لە رەمەزاندا 38 لیژنە چاودێری بازاڕ دەكەن

سلێمانی – نزار جەزا

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائمیقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەمانگی ڕەمەزاندا لە ڕێگەی ٣٨ تیمەوە چاودێری بازاڕ دەكەین.

لەشكر حەمید سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائمیقامیەتی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەڕێگەی ٣٨ تیمەوە ڕۆژانە بەردەوام سەردانی ناوبازاڕدەكەن و چاودێری كوالێتی و نرخی كاڵاكان دەكەن، بێگومان لەمانگی ڕەمەزاندا سەردانەكانیان زیاتر دەكەن.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەگەر هەر گرانفرۆشییەك ببینن، كە هۆكارەكانی ناوخۆیی بێت و نابەجێبێت، بەدڵنیایی لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەكەن، بە پێبژاردن یان داخستن.

باسی لەئەوەشكرد، بەدڵنیایی لەڕووی كوالێتییەوە چاودێرییەكی زۆر ورد دەكەن، بەتایبەت ئەو خواردن و خواردنەوانەی لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا خواستی زۆر لەسەرە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بڕێكی زۆریان لەشەربەت و خورما دەستبەسەرداگرتووە، كە خراپبووبوون و هەوڵدراوە لەناو بازاڕ ساغبكرێتەوە، بەڵام ڕێگرییان لێ كردووە.

سبەینێ سێ شەممە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە، كە لەو مانگەدا خواست لەسەر كڕینی خواردن و خواردنەوە زیاددەكات.