سەردێر

هۆشداری دەدرێتە ئەو كەسانەی نرخ بەرز دەكەنەوە

خەڵك-

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، چاودێری ووردی نرخەكان دەكەین لە مانگی ڕەمەزان.
بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لەلایەك و هاتنی مانگی ڕەمەزان نرخی شمەك و كاڵا لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرز بووەتەوە و بەرپرسانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە ڕێگری دەكەن لە هەر بەرزبوونەوەیەك كە لە دەسەڵاتی ئەواندا بێت.

سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەموو ساڵێك 10 ڕۆژ پێش هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز نرخی سەرجەم شمەك و پێداویستی هاووڵاتیان وەردەگرین بۆ ئەوەی لە مانگی ڕەمەزان بەراوردیان بكەین، بەتایبەت خورما و شیرینی خواستێكی زۆریان لەسەرە هەر بەرزبوونەوەیەك لە نرخەكان ڕووبدات كاری یاسای لەگەڵ فرۆشیارەكان دەكەین.

وتیشی”هەركەسێك هەستێت بە بەرزكردنەوەی نرخی شمەك و كاڵا بۆ ماوەی مانگی ڕەمەزان شوێنەكەی دادەخەین”.

ئاشكراشیكرد، لیژنەكانمان لە پاشنیوەڕۆ و شەوان دەردەچن، چونكە ئەوكاتە زۆرترین خەڵك سەرقاڵی كڕینی شەك و كاڵان.
ڕوونیشیكردەوە، بەرزبوونەوەی نرخەكان بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلار بەرانبەر بە دینار بەشێوەیەكی بەرچاو نرخەكان بەڕێژەی 18% بۆ 20% بەرز بووەتەوە، ئەمەش دەسەڵاتی ئێمەی تێدا نییە.

سەبارەت بە كوالێتی كاڵاكان، ناوبراو ڕایگەیاند، هەموو ئەو خواردن و خواردنەوانەی دێنە هەرێم پشكنینی بۆ دەكرێت، ئەگەر گومانمان لەسەر هەر مادەیەك هەبێت یان هەر سكاڵایەكمان بۆ بێت، نمونەی لێوەردەگیرێت و پشكنینی بۆ دەكرێت ئەگەر دەرنەچوو هەڵدەستین بە لەناوبردنی.