سەردێر

پسپۆڕێك: بەهای دۆلار جێگیر دەبێـت

سلێمانی – نزار جەزا
لەئێستادا بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عیراقی تاڕادەیەك جێگیربووە و ڕۆژانەش بانكی ناوەندی خستنەڕووی دۆلار زیاتردەكات، بەمەبەستی جێگیركردنی بەهای ئەو دراوانە.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی و شارەزای كارگێڕی دارایی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەكاتێكدا بازاڕی دراو جوڵەی تێدەكەوێت، كە بەهای دراو بەرز و نزم بكات و ناجێگیربێت، لەئێستاداش بەهای دینار بەرامبەر دۆلار تاڕادەیەك جێگیرە، بەڕێژەیەكی كەم بەرز و نزم دەكات، بەڵام ئەوەندەنییە كە جوڵەبخاتە بازاڕەوە، بۆیە بازاڕ تاڕادەیەك جێگیرە.

ئەوەشی خستەڕوو، واچاوەڕێدەكەن نرخی ١٠٠ دۆلار لەنێوان ١٤٧ هەزار دینار بۆ ١٤٧ هەزار و ٥٠٠ دینار جێگیرببێت ئەوپەڕی بگاتە ١٤٨ هەزار دینار، لەبەرئەوەی بانكی ناوەندی عیراق ڕۆژانە دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، كە تا ئاستێك خواستی بازاڕ پڕدەكاتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەساڵانی پێشوو دوو تاكو سێ هەزار دینار لە نێوان نرخی دۆلار لەبانكی ناوەندی بەراورد بە بازاڕەكان هەبوو، بۆیە ئێستاش بە ئەو شێوەیە دەبێـت..

باسی لەئەوەشكرد، لەهەموو سەری مانگێكدا بەهای دۆلار بەچەند پۆینتێك بەهاكەی لەدەستدەدات، چونكە زۆرینەی بانكەكان لەو كاتانەدا بەرپرسیارێتی موچە و كاری بازرگانییان لەسەرە، بۆیە بانكەكان بۆئەوەی دینار بەدەستبهێنن، پێویستە دۆلار بخەنە بازاڕەوە، لەم كاتەشدا خستەنەڕووی دۆلار زیاتر دەبێت لەخواستی بازاڕ، لەبەرئەوە بەهای دۆلار بەڕێژەیەكی كەم دادەبەزێت.

زیاتر ڕوونیكردەوە، دەركەوت لەعیراق و هەرێمی كوردستان دۆلارێكی زۆر هەیە، چونكە بەتایبەت لەهەرێی كوردستان مامەڵەی زۆرینەی كاڵا گەورەكان بەدۆلاری ئەمریكاییە، لەبەرئەوە ئەگەرێكی دوورە بەڕێژەیەكی زۆر بەرز و نزم لەبەهای دۆلاردا ڕووبدات.

ئەوەشی باسكرد، لەم چەند ڕۆژەدا خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە زیادی كردووە، چونكە پێویستە بانكی ناوەندی لەڕێگەی خستنەڕووی دۆلارەوە خواستی بازاڕ پڕبكاتەوە، بۆئەوەی بەهای دراو جێگیربێت.

ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەی ڕابردوودا بانكی ناوەندی عیراق بەهای دۆلاری بەرامبەر بەدینار بەرزكردەوە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی شڵەژانی بازاڕەكانی دراو، چونكە لەماوەی چەند ڕۆژێكدا بەهای دۆلاری لە نزیكی ١٢٣ هەزار دینارەوە بەرزكردەوە بۆ ١٤٣ هەزار دینار، ئێستاش گەیشتۆتە زیاتر لە ١٤٧ هەزار دینار.