سەردێر

ڤاكسین وەرگران پێویستیان بە كەرەنتینە هەیە؟

کارمەندێکی تەندروستی سلێمانی ڤاکسینی بەکارهێناوە

خەڵك-نزار جەزا

لێدوانی بەرپرسێكی پێشووی تەندروستی جیهانی ڕەتدەكرێتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت ئەو كەسەی ڤاكسین وەردەگرێت، پێویستی بە كەرەنتینە نییە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسێكی پێشووی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاشكرایكرد، پێویستە ئەو كەسانەی ڤاكسینی كۆرۆنا وەردەگرن ماوەی 14 بۆ 21 ڕۆژ كەرەنتینە بكرێن.
ئاشكراشیكردووە، هۆكاری زۆربوونی تووشبووان بە كۆرۆنا لە عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو كەسانەی ڤاكسینەكە وەردەگرن دەچنەوە نێو خێزان و شوێنی كارەكانیان ئەمەش هەڵەیە.

لەو بارەوە نەورۆز عوسمان لێپرسراوی نەخۆشییە گوازراوەكان لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تەندروستی جیهانی ئەو هەواڵەی ڕەتكردووەتەوە و ڕایگەیاند، ئەو بابەتە بەناوی ئەوانەوە بڵاوكراوەتەوە و ڕاست نییە.

وتیشی”ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیەنراوێكی لەسەر ئەو بابەتە بڵاوكردەوە ئاشكرایكرد، ئەو قسەی كراوە و دەراوەتە پاڵ ئەوان، بە هیچ شێوەیەك لێدوانێكی ئێمە نییە و ڕاست نییە”.

لای خۆشیەوە، نەجمەدین حەسەن بەڕێوەبەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بابەتی لەو شێوەیە ڕاست نییە.

بەڕێوەبەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە سلێمانی وتیشی”لێدوانەكە بەناوی بەڕێوەبەری پێشووی ڕێكخراوەكە بڵاوكراوەتەوە، بەڵام راست نییە”.
ئاشكراشیكرد، بابەتی كەرەنتینەكردنی ئەو كەسانەی ڤاكسینەكە وەردەگرن لە وڵاتانی دیکەش پەیڕەو ناكرێت و ڕاست نییە.

ئەمە لەکاتێکدایە لەلایەن بەشێک لەبەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە ڤاکسینی کۆرۆنا بەکارهاتووە و داوا لەهاوڵاتییانیش دەکرێت بچن ڤاکسینەکە بەکاربهێنن.