سەردێر

حكومەت و پەڕلەمان لەسەر لێبڕینی مووچە كۆدەبنەوە

خەڵك-

سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی ڕایدەگەیەنێت، دەمانەوێت كێشەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بكەین.
شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا گەیشتە پەڕلەمانی كوردستان و بڕیارە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنە تایبەتمەندەكان كۆببێتەوە.

هیمداد سەباح سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، شاندی دانوستانكاری حكومەت بۆ ماوەی چەند مانگێك لەگەڵ بەغدا دانوستانی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی هەرێم، ئەمڕۆ شاندەكە بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی پەڕلەمان دەكەن و لەگەڵ سەرۆكایەتی پەڕلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنە پەیوەندیدارەكان كۆدەبنەوە.
وتیشی”هاتنی شاندەكە بۆ ئەوەیە پەڕلەمانی كوردستان و خەڵكی هەرێم ئاگاداربن تاكو ئێستا ئەم شاندە چی كردووە لە بەغدا و گەیشتووەتە چ ئەنجامێك، چونكە ئەمڕۆ گرفتی دارایی هەیە و فەرمانبەران بە لێبڕین مووچە وەردەگرن، ئێمەش وەكو پەڕلەمانتار دەمانەوێ ئەو گرفتانە تەواو ببێت و هاووڵاتی بتوانێت لە ژیانێكی ئاسودەدا بژێت”.

ئاشكراشیكرد، لێبرینی مووچە كێشەی پەرلەمانتار و فراكسیۆنێك نییە، بەڵكو كێشەی هەموو خەڵكە و دەبێت حكومەت بە زووترین كات پلانێكی دارایی هەبێت.
ڕوونیشیكردەوە، ئامانجمان لە كۆبوونەوەكە ئەوەیە كە ژمارەی داهاتی هەرێم چەندە و چەند لە بەغدا دێت بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری لێبڕینی مووچە بكەین.