سەردێر

وادەیەك بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دادەنرێت

خەڵك-

ڕاوێژكاری تەندروستی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەبەرئەوەی بەردەوام ژمارەی تووشبووان ڕوولەزیادبوونە و پابەندبوون نییە، باشترە پڕۆسەی خوێندن ڕابوەستێت، هەتا ئەوكاتەی دێتە ژێر كۆنتڕۆڵ و حاڵەتەكان كەمتردەبنەوە.

خاڵس قادر ڕاوێژكاری تەندروستی پەرلەمانی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەداخەوە تائێستاش نەمامۆستایان و نەبەشێكی زۆر لەخوێندكاران پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی نابن لەبەركارهێنانی ماسك تەنانەت ئێستا پۆلی دوازدەكان ڕێگەیان پێدراوە تەنها تاقیكردنەوە دەكەن لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا وەكو پێویست پابەندی ڕێنماییەكان نین، ئەوەش وامان لێدەكات بەپێویست بزانرێت پڕۆسەی خوێندن لەئێستادا ڕابگیرێت.

وتیشی “پەنابردنەبەر ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن بەڕاستی ناچارییە، ئەگەر هاتوو پابەندبوون هەبێت پێویست بەوەناكات ناوەندەكانی خوێندن ڕابگیرێت، بەڵام هەتا ئەوكاتەی خەڵك پابەنددەبن و ئەو وشیارییە زیاتر دەبێت ئەوكاتە پێویست بەوە دەكات پرۆسەی خوێندن ڕابگیرێت”.

ڕوونیشیكردەوە، لەزۆرترین حاڵەتدا هەتا مانگێكی تر پێویست بەوە دەبێت كە پڕۆسەی خوێندن بەوشێوەیەی ئێستا بێت یاخود پەنا ببرێتەبەر ئۆنلاین یان هەرشێوازێك لەشێوازەكانی دیكە كە وەزارەتی پەروەردە پێی باشە و دەتوانێت درێژە بەخوێندن بدات.

سەبارەت بە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا ناوبراو ڕایگەیاند، پێمانباش بوو وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن كەسە ناودارەكانی دیكە دەستپێبكات چ سیاسی یان ناسیاسی بێت، كۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری بێت، چونكە ئەو كەسانە كاریگەریان هەیە لەسەر خەڵك، ئەوانە ئێستا بێنە پێشەوە و ئەو ڤاكسینە وەربگرن بۆئەوەی خەڵكانی تریش چاویان لێبكەن، تاكە هیوایەك بۆ كۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو ڤاكسینەیە كە لەبەردەستدایە لەپاڵ بەكارهێنانی ماسك و ڕێكارەكانی تری خۆپارێزی.