سەردێر

ساردی بەبازاڕەوە دەبینرێت

سلێمانی – نزار جەزا

 

ئەمڕۆ چووینە نێو بازاڕی سلێمانی و گفتوگۆمان لەگەڵ ژمارەیەک فرۆشیاری جیاوازدا ئەنجامدا، کە هەموویان جەختیان لەوەکردەوە، هەرچەندە چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ مانگی ڕەمەزان، بەڵام بەراوردن بەساڵانی پێشتر فرۆشیان کەمە.

تەنها دوو ڕۆژ ماوە بۆ هاتنی مانگی ڕەمەزان، ساڵانی ڕابردوو لەم کاتانە بازاڕ جمەى لەکڕیار دەهات، بەڵام ئەمساڵ دیمەنی نێو بازاڕ جیاوازتر بوو، هەم دوکاندارەکان فرۆشیان کەمبوو، هەم جوڵەی نێو بازاڕەکە کەمتربوو.

بەشێک لەهاوڵاتییان بابەتە بەرچاییەکانی وەک ماست و پەنیر و هەنگوین و تاعین بۆ پارشێو دەکڕن، بۆیە چووینە لای محەمەد جەلال کە فرۆشیاری بابەتە بەرچاییەکانە و ڕوونیکردەوە، هیچ جوڵەیەک لەبازاڕدا نییە، ساڵانی پێشوو زۆر لەئەمساڵ باشتربوو، بەجۆرێک تا ساڵی ٢٠١٧ نزیکی حەوت کەس لە دووکانەکەدا کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا دوو کەسن.

محەمەد وتیشی: پێشتر بەدوو شەفت کارمان دەکرد و فریانەدەکەوتین بەرهەمەکانمان بکێشین و بیفرۆشین، بەڵام ئێستا بەئاسودەیی پێکەوە قسەدەکەین و کڕیاریش نایەت.

 

ئەو فرۆشیارە ئاماژەى بۆئەوەکرد، نرخەکان وەک خۆیانن، ئەگەر نرخیش بەرزبێتەوە لەوانەیە بەهۆی گۆرانکاری لەبەهای دراوەکانەوە بێت، ئەگەرنا مانگی ڕەمەزان کاریگەری ناکاتە سەر نرخەکانیان.

دواتر چووینە لای فرۆشیارێکی دیکە کە برنج و ڕۆن و بەرەچێشتەکان و شەربەت و هەندێک پێویستی ڕۆژانەى هەبوو، ئەو بەتەنها لەدووکانەکەیدا وەستابوو چاوەڕێبوو کڕیارێک بێت شتێکی لێ بکڕێت، بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لای بووین، هیچ کڕیارێک نەهات.

ئەو فرۆشیارە کە ناوی ڕەمەزان کاژاوییە ئاماژەى بەئەوەدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە پێشتر نرخی شمەکەکانیان بەرزبۆتەوە، بەڵام ئێستا نرخ جێگیربووە، لەگەڵ ئەمەشدا کڕیاریان بەراورد بەساڵانی پێشتر کەمە، ئەمەش بەهۆی خۆپارێزی هاوڵاتییان لەکۆرۆنا و کەمی پارە و زۆربوونی مارکێتەکانەوەیە.

 

ڕەمەزان ئەوەشی باسکرد، بەگشتی فرۆشی بەرهەمەکان هەروەک ڕۆژانی پێشترە، بەڵام چەند بابەتێکی وەک سوپ و خورما و لیمۆبەسرایی و شەربەت و تەمەرهیند فرۆشیان زیادبوون.

شەربەت یەکێکی دیکەیە لەو خواردنەوانەى لەمانگی ڕەمەزاندا سەرە بۆ کڕینی دەگیرێت، بۆیە ئەم بەرهەمە لەپێش هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە فرۆشیان دەفڕێت، هەروەک محەمەد عەبدولڕەحمان خاوەنی شەربەتی هەڵەدن بۆی باسکردین، فرۆشیان زۆر زیادیکردووە بەراورد بەچەند ڕۆژی ڕابردوو، بەتایبەت دووکاندارەکان زۆر دەچنە لایان بۆئەوەی بەدەبەى گەورە بیکڕن، بەڵام بەراورد بەساڵانی پێشوو فرۆشیان کەمە.

ئەو شەربەتفرۆشە، ئاماژەى بەئەوەدا، لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا دەردەکەوێت فرۆشیان لەو مانگەدا چۆنە، بەڵام پێناچێت هاوشێوەی ساڵان بێت، چونکە خەڵک کەمتر پارەى پێیە و ترسیان لەخەرجکردنی هەیە.

 

لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا خواردنێکی دیکە هەیە، کە بۆتە خواردنی سەرەکی ڕەمەزان، کەم سفرە هەیە، هەموو ئێوارەیەک لەسەری نەبێت و ڕۆژووی پێ نەشکێنرێت، ئەویش خورمایە، ئەمیش لەچاو ساڵانی پێشوو بازاڕی کزە.

خورمافرۆشێک کە بەشیروانی خورما ناسراوە، گفتوگۆیەکمان لەگەڵ ئەنجامدا و جەختی لەئەوەکردەوە، بەهۆی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە فرۆشیان زیادیکردووە، بەڵام بەراورد بەساڵانی پێشتر ساڵ بەساڵ فرۆشیان کەمتردەبێت، چونکە ئیشوکار کەمترە و خەڵک پارەى کەمترپێیە.

 

ئەوەشی باسکرد، نرخی خورماکانیش جێگیرە و بەراورد بەدوو ساڵی ڕابردوو نرخ دابەزیوە و نرخەکان گونجاون.

بەگشتی لەگەڵ نزیکبوونەوە لەمانگی ڕەمەزان فرۆشی هەندێک خواردن و خواردنەوە زیاددەکات، بەڵام وەک فرۆشیاران باسیانکرد، فرۆشیان بەراورد بەساڵانی پێشوو دابەزیوە.