سەردێر

خەڵك؛ مەرجی كردنەوەی مزگەوتەكان بۆ مانگی ڕەمەزان بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
وەزارەتی ئەوقافی هەرێم و یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پێشنیاری كردنەوەی مزگەوتەكانیان لە مانگی ڕەمەزاندا بۆ لیژنەی بالای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كردووە، وەزارەتی تەندروستیش مەرجی هەیە بۆ كردنەوەیان و (خەڵك) مەرجەكان بڵاودەكاتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆببێتەوە بۆ بڕیاردران لەسەر ڕێگارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و یەكێك لە تەوەرەكان بریتیە لە میكانیزمەكانی كردنەوەی مزگەوتەكان لە مانگی ڕەمەزاندا.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، لە دوای پێشنیازی كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان لە لایەن وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەك مەرجی پێشنیاز كردووە بۆ جێیبەجێ‌ كردنی لەكاتی بڕیاردان لە كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان بۆ مانگی ڕەمەزان.

هەر بەپێی زانیارییەكان، مەرجەكانی كردنەوەی مزگەوتەكان بۆ مانگی ڕەمەزان بریتییە لە خۆپارێزی زیاتر لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمكردنەوەی ڕێژەی نوێژخوێنان لەناو مزگەوت، هەروەها دابەشبوونیان بەسەر مزگەوتەكان تا كەمترین قەڕەباڵغی هەبێت و ئەو مزگەوتانەی باخچەیان هەیە سوود لەباخچەكانی مزگەوت وەربگیرێت بۆ نوێژ كردن.