سەردێر

تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر دەگۆڕدرێن

خەڵك-
بەشێك لە تۆڕە كۆنەكانی ئاوی خواردنەوەی چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر دەگۆڕدرێن و وەزارەتی شارەوانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئێستا پڕۆژەكە بە درێژی 18 كیلۆمەتر كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پڕۆژەكە لەسەر قەرزی درێژخایەنی ئاژانسی ژاپۆنی جێبەجێ‌ دەكرێت، كە پێشتر گرێبەستەكەی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرابوو، ئێستاش لە چەند گەڕەكێكی ناو شاری هەولێر دەستكراوە بە كاركردن تێیدا و تا ئێستا 11.8ی كۆی پڕۆژەكە جێبەجێ‌ كراوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەو تۆڕانەی ئاوی خواردنەوە كە دەگۆڕدرێن، ئاسن و زۆر كۆن بوون و لەزۆر شوێنیشدا تێكچووبوون، بۆیە ئێستا بە پایپی HDP دەگۆڕدرێن، كە دروستكراوی وڵاتی ئیتاڵیایە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پڕۆژەكە لەسەر قەرزی درێژخایەنی ژاپۆنی و بە پشتیوانی ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنی جێبەجێ دەكرێ و بڕیارە لە ماوەی ساڵێكدا تەواو ببێت.

درێژی ئەو بەشەی پڕۆژەكە، كە ئێستا كاری تێدا دەكرێت 18 كیلۆمەترە و تا ئێستا 11.8ی لێ‌ جێبەجێ‌ كراوە.