سەردێر

هاتووچۆی گەشتیاری نێوان هەرێم و ئێران دەستپێدەكاتەوە

خەڵك-
كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئاشكرای دەكات، لە سبەینێوە هاتووچۆی گەشتیاری بەڕووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە.

كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوە و تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو، كۆماری ئیسلامی ئێران لە ٢٠٢١/٢/٢٠ دەروازە سنورییەكانی لەگەڵ عێراق بەڕووی گەشتیاراندا داخست، بەبڕیاری ئەو وڵاتە سبەینێ هاتووچۆی گەشتیاری دەستپێدەكاتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، بەپێی بڕیارەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران، سنورداركردنی هاتووچۆی گەشتیاری لەسنوورە هاوبەشەكانی ئێران لەگەڵ عێراق تا (٤/٢٠/ ٢٠٢١) بە داخراوی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو كەسانەی (مۆڵەتی ئیقامەی كارپێكراو، ڤیزای خوێندن، ڤیزای نەخۆشی و وەبەرهێنان و بازرگانی، ڤیزای كار و مۆری چوونەدرەوە و پۆلیسی كۆچبەران و پاسپۆرتیان هەیە)، دەتوانن بچنە مەرزەكان و گەشتی ئێران بكەن.

ئاشكراشی كردووە، ئەو كەسانەی ئەو مەرجانە دەیانگرێتەوە، دەتوانن لەسبەینێ دوو شەممە ٢٠٢١/٤/١٢ەوه لەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە گەشت بۆ وڵاتی ئێران بكەن.