سەردێر

دواین بڕیار بۆ پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ ڕاگەیەنرا

خەڵك- ئارام سەردار
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان هەڵوێستی بەرامبەر پڕۆسەی خوێندن ڕادەگەیەنێت و ئاشكرای دەكات، كە وەزارەتی پەروەردە پێشنیاری كردووە خوێندن بكرێتە ئەلیكترۆنی و ئێمەش پشتیوانی دەكەین بە چەند مەرجێك.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ یەكێتی مامۆستتایان كۆبۆتەوە و تاوتوێی پڕۆسەی خوێندنی كردووە لەكاتێكدا، كە ڕۆژانە ئامارەكانی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا لە هەڵكشانە.

وتیشی، “وەزارەتی پەروەردە پێشنیاری كردووە خوێندن بكرێت بە ئەلیكترۆنی بۆ ئەم قۆناغە و ئێمەش پشتیوانی ئەو پێشنیارە دەكەین بۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بە چەند مەرجێك”.

سەبارەت بە مەرجەكان ئاشكراشی كرد، دەبێت خوێندنی ئەلیكترۆنی بۆ ماوەیەكی دیاری كراوبێت و ڕێگە نەدرێت خوێندنی ئەمساڵ بفەوتێت یان دوابخرێت، هەروەها دەسەڵات بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان بۆ ئەوەی ئەو كارەبایان نییە و ئەنتەرنێتیان نییە خوێندن بەردەوام بێت و پەیوەندی نێوان خوێندكار و مامۆستا بەردەوام بێت، كە لانی كەم هەفتانە ڕۆژێك یان چەند كاتژمێرێك ئەو پەیوەندییە هەبێت تاوەكو مامۆستا ئاگاداری ئەو وانانەبێت، كە بە ئەلیكترۆنی دەخوێنرێن.

جەختیشی كردەوە، دەبێت پۆلەكانی (1 و 2 و 3)ی بنەڕەتی ڕەچاو بكرێن و بەرنامەیەكی بۆ دابنرێت هەروەها بۆ پشووی هاوینەیان و هەروەها دەبێت پەروەردە پلانی تۆكمەی هەبێت بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی نەك وەك ساڵی ڕابردوو، كە چەندین كێشەی هەبوو.

ئەحمەد گەرمیانی وتیشی، “دەبێت تاقیكردنەوەكان لەناو ناوەندەكانی خوێندن بێت و بە ئەلیكترۆنی نەبێت” و جەختیشی كردەوە، دەبێت كێشەی مووچە چارەسەر بكرێت و دەبێت بە بێ‌ لێبڕین بدرێت و حكومەتی هەرێم بڕیار لەسەر ئەوە بدات.