سەردێر

وەرگرتنی ڤاكسین دەبێتە مەرجی سەفەركردن

دەبێت سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێم ڤاكسین وەربگرن

خەڵك

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم دەڵێت لەچەند ڕۆژی داهاتوو بڕیار دەدرێت سەرجەم هاووڵاتیان ڤاكسین وەربگرن دەشڵێت پێویستە لەكاتی سەفەردا كۆدی ڤاكسینەكەیان پێبێت.

ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێویستە ئەو هاووڵاتیانەی سەفەر دەكەن كۆدی تایبەتی پێكوتەی دژەڤایرۆسی كۆرۆنا بە گەشتكردنی نێودەوڵەتی وەربگرن بۆ بەكارهێنانی لە فڕۆكەخانەكان لەڕێگەی ئەو لینكەی وەزارەت دایناوە.

وتیشی، بەم نزیكانە بڕیار دەدرێت كە سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێم ڤاكسینەكە وەربگرن و بەكاریبهێنن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە پێشتریش ئاماژەمان بەوە كردووە كە پێویست ناكات هاووڵاتیان هیچ ترس و دڵەڕاوكێیەكیان هەبێت سەبارەت بە بەكارهێنانی ڤاكسین و زیانەكانی كۆرۆنا زۆر كەم دەكاتەوەو تا ئێستا هیچ ناوەندێكی زانستیش پشتڕاستی نەكردۆتەوە كە ڤاكسین زیانی هەبێت.

سەبارەت بەوەی كە ئەو ڤاكسینەی لە هەرێم بەشی تەواوی هاووڵاتیان دەكات؟ د.ئاسۆ حەوێزی وتی: بەڵێ‌ بەشدەكات و ئەمڕۆ كاروانێكی دیكەی ڤاكسینی فایزەر دەگاتە هەرێم و دواتر سینۆفارم و چەند جۆرێكی دیكە، بەڵام ڕێژەكەی دیار نییە كە پشكی هەرێم چەندە.

لینكی وەزارەتی تەندروستی پەیوەست بە كۆدی پێكوتەی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا..

http://vac.health.digital.gov.krd/