سەردێر

كۆرۆنا گۆڕاوەكەی ئەفریقا ڤاكسینی تێپەڕاند

خەڵك-

ڤایرۆسە گۆڕاوەكانی كۆرۆنا تادێت رووداوی كتوپڕ دروست دەكەن بەپێی نوێترین توێژینەوە ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاوی باشوری ئەفریقا توانیویەتی ڤاكسینی فایزەر بیونتك تێبپەڕێنێت.

بەپێی توێژینەوەكە، 400 كەس دوای 14 رۆژ لە وەرگرتنی ژەمە ڤاكسینێك یان دوو ژەمە ڤاكسین تووشی كۆرۆنا بوون.

توێژەران دەڵێن ڤاكسینەكان كاریگەرییان كەمە بۆ ڤایرۆسی گۆڕاوی ئەفریقای باشور بەراورد بە ڤایرۆسە بنەڕەتییەكەی كۆرۆنا و ڤایرۆسی گۆڕاوی بەریتانی.

ئەدی ستێرن توێژەر دەڵێت دۆزیومانەتەوە كە ڤایرۆسی گۆڕاوی كۆرۆنای ئەفریقای باشور توانای تێپەڕاندنی پارێزگارییەكانی ڤاكسینی هەیە.

بە هەزاران جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا سەریان هەڵداوە، بەڵام چەند جۆرێكیان مەترسیدارن كە بەجۆرێكن ڤاكسینەكانیش تێدەپەڕێنن.

تا ئێستا دڵنیایی لە بارەی ڤاكسینەكانەوە بە تەواوی نەدراوە، جگە لە بوونی كاریگەری لاوەكی، كاریگەرییشیان تێبینی لەسەرە.

بەڕێوەبەری نێوەندی چین بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكان جاو فو لە كۆنفرانسێكدا لە شاری چنگدو لە باشوری خۆرئاوای چین رایگەیاند، ڤاكسینی چینی ئاستێكی بەرزی لە كارایی نییە.

راشیگەیاند ڤاكسینەكان لە ژێر لێكۆڵینەوەدان و كاریان لەسەر دەكرێت.

ئاشكراشیكرد توێژەرەوان لە بەڕازیل گەیشتوون بە ئەو ئەنجامەی ڤاكسینی سینوفاكی چینی كاریگەرییەكەی نزمە بریتییە لە 50.4% كە ڤاكسینی ڤایزەر 97%ە.