سەردێر

“كۆرۆنا ئامۆزای ئایدزە”

كۆرۆنا پێچەوانەی ڤایرۆسەكانی دیكەیە

خەڵك
پزیشكێك دەڵێت هیچ ڤایرۆسێك پێشبینی ناكرێت و چارەسەریشی نییە و پێویستە خۆمان بپارێزین دەشڵێت دەتوانین بڵێین كۆرۆنا ئامۆزای ئایدزە.

هەڵگورد فەتحوڵڵا، پسپۆڕی هەناوی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند،
هیچ ڤایرۆسێك پێشبینی ناكرێت و چارەسەریشی نییە، بۆیە پێویستە هەتا بكرێت خۆمانی لێبپارێزین بە دووركەوتنەوەمان لەكەسانی دیكەو بەكارهێنانی ماسك و دووركەوتنەوە لە ئەنجامدانی ماچ و تەوقە.

دەشڵێت، نەك تەنها كۆرۆنا، بەڵكو هەموو ڤایرۆسەكانی دیكە سروشتیان وایە بەردەوام لەگۆڕاندان، ساڵی ڕابردوو ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەیوت ڤایرۆسەكە بە گەرما لەناو دەچێت، بەڵام مانگی هەشت لەهەرێمی كوردستان گەیشتە لوتكە، هەموو ڤایرۆسێك بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما كەم دەبێتەوەو بەنزم بوونەوەشی بەرز دەبێتەوە بەڵام كۆرۆنا بەپێچەوانەی پیشبینییەكانە.

ئاماژە بەوە دەكات، ڤاكسین شتێكی باشە، پارچەیەك لە ڤایرۆسی كۆرۆنا وەردەگیرێت و لەژێر پێستی مرۆڤ دەدرێت بۆ ئەوەی لەش بەرگری دروست بكات بۆ ئەوەی كە ڤایرۆسەكە لەڕێگەی دەمەوە دەیەوێت بچێتە لەشی كەسەكە ئەو ڤاكسینە یەكسەر بیكوژێت و نەهێڵێت بڵاو ببێتەوە.

ئەو پزیشكە دەشڵێت، دەتوانین بڵێین كۆرۆنا ئامۆزای ئایدزە،
لەساڵی 1982 ڤایرۆسی ئایدز بڵاوبووەتەوە كە هەموو دونیا و مرۆڤایەتی، تا ئێستا نەیانتوانیوە ڤاكسینی بۆ بدۆزنەوە، چونكە كارێكی سەختە، بەڵام سوپاس بۆ خوا كە توانرا بۆ كۆرۆنا بدۆزرێتەوە، هەرچەندە پەلەپەلیەكی پێوە دیارەو جوان ئامادە نەكراوە.

وتیشی، ئەگەر لە ژوورێكی داخراودا 40 كەس هەبێت و تەنها یەك كەسیان تووشبووی كۆرۆنا بێت، بەدڵنیاییەوە ڕەنگە 25 كەسیان تووش ببن، بەڵام ئەگەر 20 كەسیان ڤاكسینەكەیان وەرگرتبێت ئەوا ئەوپەڕی 10 كەسیان تووشی ڤایرۆسەكە دەبن.

سەبارەت بە بەكارهێنانی ڤاكسین د.هەڵگورد دەڵێت، من خۆم ڤاكسینم لێداوە، ئێمە چونكە لەبەرەی یەكەمین و بەردەوام بەركەوتەمان هەیە لەگەڵ تووشبوانی كۆرۆنادا زۆر پێویستە بۆمان،
ڤاكسین جۆری هەیە و بە گشتی لێدانی باشترە.

دەشڵێت، هیچ دەرمانێك لە دونیادا سەلامەت نییە و تەنانەت ئەو ئاوەی موغەزیەی نەخۆش وەری دەگرێ‌ كاریگەری لاوەكی هەیەو ئۆكسجینیش بەهەمانشێوە كە نەخۆش هەناسەی پێدەدات.

وتیشی، ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی زۆر خێرا بڵاو بۆتەوەو نەخۆشێكی زۆر پێویستیان بەوەیە لەنەخۆشخانە بمێننەوە.